Accessibility links

ئێران پێشوەخت ئەمەریکا و تورکیای لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسڕائیل ئاگادار کردووەتەوە


سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی تورکیایی ڕۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئێران پێشوەخت تورکیای ئاگادار کردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنە پلان بۆ داڕێژراوەکەی دژی ئیسڕائیل.

گوتیشی ئەمەریکا لە ڕێی تورکیاوە بە ئێرانی وتووە کە ئۆپەراسیۆنەکەی " دەبێت لە نێو سنوورێکی دیاریکراودا بێت."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا قسەی کرد و ڕوونیکردەوە کە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی پێش ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل دەستپێبکات ئەمەریکامان ئاگادار کردووەتەوە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان لە کۆنفرانسەکەدا وتی " بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکدا بۆ کۆشکی سپی ڕامانگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکەمان سنووردار و کەم دەبێت و ئامانج لێی بەرگریکردن دەبێت لە خۆمان و سزادانی ڕژێمی ئیسڕائیل دەبێت."

وتیشی هێرشە سنووردارەکانی ئێران هاووڵاتییانی سڤیل و ناوچە ئابوورییەکان ناکاتە ئامانج: " لە وەڵامەکەماندا هاووڵاتییانی سڤیلمان نەکردووەتە ئامانج. هێزە چەکدارەکانمان هیچ ناوچەیەکی ئابووری یاخود شوێنێکی دانیشتوانییان نەکردووەتە ئامانج."

وتیشی ئامانجی هێرشەکە سزادانی ڕژێمی ئیسڕائیل بووە و کارێکی ڕەوای بەرگریکردنی هێزە ئێرانییەکان بووە. " ئامانجمان لەم کارە ڕەوایە بەرگرییەدا تەنها سزادانی ڕژێمی ئیسڕائیل بووە."

وتیشی " ئێمە بە شوێن ئەمەریکاییەکان یاخود بنکە ئەمەریکاییەکانەوە نین لە ناوچەکەدا."


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG