Accessibility links

سەرۆکی IAEA: لەوانەیە رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت 


ڕافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی (IAEA) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی فرەنس 24 لە ڕۆژی چوارشەممەدا ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا هێشتا بە دوور نازانێت و گوتیشی بەڵام ئەو کاتەی کە بە دەستمانەوەیە کەمە و لە بەرژەوەندی تاراندایە لەگەڵ ئاژانسەکە ڕووڕاستتر بێت.

لەو چاوپێکەوتنەکەدا بەڕێز گرۆسی گوتی گفتوگۆکانی خولی حەوتهەم لە خاڵی سفرەوە دەستپێناکات، بەڵکو بە پێی شەش خولی دانوستانەکانی پێشوو بەرەو پێشەوە دەڕوات. بەڕای ئەو ئەگەر خواستی سیاسی هەبێت ئەوا پێدەچێت بگەنە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.

گرۆسی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاژانسەکە بەشێک نییە لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران، بەڵام وەک پشکنەر و لایەنێک کە ڕێککەوتنەکە مسۆگەر دەکات، لە نزیکەوە چاودێری دانوستانە بەردەوامەکانی ڤیەننا دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە هیوای خواست کە ڕێککەوتنەکە بەم زووانە بگاتە ئەنجام، بەڵام لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی مەبەستی ناوبراو لە دەستەواژەی 'بەمزوانە' کە ئایا چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک مەبەستی بووە، گوتی"ئێمە نازانین".

بەبۆچونی بەڕێز گرۆسی، پیتاندنی زیاتر و دەست پێکردنی نەوەیەکی نوێ لە سانتریفیوژەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وایکردوە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە قورستر بێت.

بە بڕوای ئەو، ئێران لە جیاتی ڕێکەوتنێکی کاتی دەیەوێت بە تەواوی بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و داوای هەندێ خاڵ دەکات، لەوانە خولی سەرمایە و دەستگەیشتنی بە بازاڕەکان و هەندێک هاندەری دیکە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ ئاستی 90%، گوتی لە ئیستادا پیتاندنی 90% لە ئێران بوونی نییە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا پیتاندنی 5% و 20% و 60% لە ئێران هەیە و گوتیشی پیتاندنی لەسەدا 60 زۆر بەرزە و تەنیا چەند هەنگاوێکی ماوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی 90%.

ڕافایل گرۆسی لە وەڵامی ئەو پرسیارشدا کە مەبەستی ئێران چییە لە بەرزکردنەوەی پیتاندن بۆ %60، گوتی ئێمە وەک پشکنەرێک ڕاستیەکان دادوەری دەکەین نەوەک مەبەستەکان.

گرۆسی گوتیشی بە پێی ڕێککەوتنە ناوکییەکە رێژەی پیتاندن دەبوو 3.67% بێت، بەڵام لە ئیستادا ئێران ڕێژەکەی بەرزکردوەتەوە بۆ 60%.

گرۆسی لە وەڵامی ئەو پرسیاردا کە دوا وادەی ئاژانسەکە بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە چیتر ناتوانێت چاودێری چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بکات کەی دەبێت،گوتی ئەگەر وابێت ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە زانیاری لەوبارەیەوە بدات و گوتی کاتەکەشی 'بەم زووانە' دەبێت.

لە ئێستادا حەوتهەمین خولی گفتوگۆکان بۆ زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێڕان لە ڤیەننا بەردەوامە و ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا 'گەرەنتی' ئەوە بدات کە چیتر لە رێککەوتنەکە ناکشێتەوە و بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ناتوانن ئەوە مسۆگەر بکەن.

XS
SM
MD
LG