Accessibility links

ئێران ئیسڕائیل تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی " درۆکردن بۆ ژەهراویکردنی " گفتوگۆ ناوەکییەکان


ئێران ئیسڕائیلی بە تۆمەتی " درۆکردن بۆ ژەهراویکردنی " گفتوگۆکانی ڤییەنا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان تۆمەتبارکرد. وتیشی سەرجەم لایەنەکانی گفتوگۆکان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی خواستی سیاسییان بوونەتەوە بۆ تەواوکردنی کارەکە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە باقری وتی " ڕژێمی ئیسڕائیل کە بوونیان بەندە بە گرژییەوە دووبارە دەستیپێکردۆتەوە، درۆ دەکەن بۆ ژەهراویکردنی گفتوگۆکانی ڤییەنا."

وتیشی " ئێستا سەرجەم لایەنەکان لە ژوورەکەدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەک دەبنەوە لەسەر سەربەخۆیی و خواستی سیاسییان بۆ جێبەجێکردنی کارەکە، بەبێ گوێدانە هەواڵی ساختە کە ئامانج لەو هەواڵانە لەناوبردنی هۆکارەکانە بۆ سەرکەوتن."

لەکاتێکدا نەزاندراوە باقری مەبەستی لە چی هەواڵێک بوو، ڕۆژی دووشەممە پەیامنێرێک لە تەل ئەڤیڤەوە کە کار بۆ ڕێکخراوی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمەریکی دەکات، ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئیسڕائیل زانیاریی هەواڵگری داوە بە ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپا کە تیایدا ئاماژە بەوە دەدرێت ئێران هەنگاوی تەکنیکی دەنێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەدا 90 ، ئەو ئاستەش پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا، ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید لە بەیاننامەیەکدا وتی ئێران هەوڵی ئەوەیداوە کاتی دەستبکەوێت تاوەکو پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی بدات، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا زلهێزەکانی جیهان دەبێت ڕێگەیەکی جیاواز هەڵبژێرن.

لاپید لە بەیاننامەکەیدا وتی " سزاکان دەبێت زیاتر بکرێن و پێویستە هەڕەشەیەکی سەربازیی هەبێت چونکە ئەوە تەنها شتە کە ڕێگە لە ئێران بگرێت نەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG