کێشەی بەرهەمهێنانی کارەبا هاوکات لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی کە بەهۆی گەرمای زۆر و خراپ بەڕێوەبردنییەوە هاتووەتە ئاراوە، دواجار بووەتە هۆی داخستنی بەشی کەرتی گشتی و بانکەکانی ئێران لە ڕۆژی شەممە و داخستنی تەواوەتی لە ڕۆژی یەکشەممەدا. بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی ئێران، ئەم ڕووداوە ماوەیەکی زۆرە کاریگەری خستووەتە سەربەشێک لە کارگەکان و زیاتر لە مانگێکە هەندێک کارگە بەهۆی نەبوونی کارەباوە داخراون.
شەپۆلێکی گەرما و کێشە کارەبا بەرپرسانی ئێرانی ناچار کرد کاتەکانی کارکردن لە چەندین دامەزراوە کەم بکەنەوە و فەرمانییان بە سەرجەم دامەزراوە حکومی و بازرگانییەکان کرد بۆ ڕۆژی یەکشەممە ئۆفیسەکانییان دابخەن، لە کاتێکدا کە نەخۆشخانەکان زیاتر لە 200 کەسیان بەهۆی جەڵتەی گەرماوە وەرگرتووە.
دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران وتی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە ڕۆژی یەکشەممە بانک و ئۆفیسەکان و دامەزراوە گشتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا دادەخرێن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی تەندروستی خەڵک و هێشتنەوە وزەدا، هەروەها وتی تەنها خزمەتگوزارییە بەپەلەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە.
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی فریاگوزاری خێرای ئێران بابەک یەکتاپەرست بە دەزگای هەواڵی میهری وت 225 کەس تووشی جەڵتەی گەرما بوون و هەوڵی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستییان داوە، وتیشی هەندێکییان لە نەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە.
میهر لە زاری سەدیق زیایانی بەرپرس لە دەزگای کەش و هەوای نیشتیمانییەوە بڵاویکردەوە ڕۆژی شەممە لە 10 پارێزگای ئێران پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە 45 پلەی سیلیزی، بەرزترین پلەش کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا تۆمارکرابێت لە دێلگانی باشووری سیستان و بالوچستان بووە بە جۆرێک پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە 49.7 پلە. وتیشی پێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە پلەکانی گەرما دابەزن، بەڵام وتی " ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەش و هەوا فێنک بێتەوە."
ئاژانسی ئیرنا وتی بەرپرسان ناچار بوون لە چەند پارێزگایەک کاتەکانی کارکردن کەم بکەنەوە، لە ڕۆژی هەینییەوە لە تاران پلەی گەرما گەیشتووەتە 40 پلە. هەروەها داواش لە خەڵکەکە کراوە تاوەکو کاتژمێر 5 ی ئێوارە نەیەنە دەرەوە.
بەرپرسان وتیشیان بەکارهێنانی کارەبا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەییەوە، ڕۆژی سێشەممە 78,106 مێگاوات کارەبا بەکارهێندراوە.
نورنیوز کە نزیکە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی باڵای ئێرانەوە، ڕۆژی چوارشەممە وتی پلەی گەرمای ئێران دوو هێندەی پلەی گەرمای جیهان خێراتر بەرز دەبێتەوە. وتیشی ئێران لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا 2 پلە گەرمتر بووە.
گەرمایەکی دەگمەن و نەبوونی کارەبا، دەبێتە هۆی داخستنی سەرجەم فەرمانگە و بانکە حکومییەکانی ئێران
