Accessibility links

بۆڕێڵ: یەکێتی ئەوروپا و ئێران بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ سەرکۆنەی پشتیوانییەکانی ئێرانی کرد بۆ ڕووسیا لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا و هەروەها سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی کرد دژی خۆپیشاندانەکان، بەڵام وتی یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئێراندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015.

بۆڕێڵ وتی " لە نێوەندی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێراندا کۆبوونەوەیەکی پێویست لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە ئوردن بەڕێوەچوو."

بۆڕێڵ وتیشی " جەختمان لە پێویستیی ئەوە کردۆتەوە دەستبەجێ ئێران پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ڕووسیا و سەرکوتکارییەکەی لە ناوخۆی ئێراندا ڕابگرێت. ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی دەبێت پەیوەندییەکانمان بە کراوەیی بهێڵینەوە و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەش بەپێی گفتوگۆکانی ڤییەنا زیندوو بکەینەوە."

لێدوانەکانی بۆڕێڵ پێش کۆنفرانسی وڵاتانی ناوچەکە دێت لە ئوردن کە هەریەک لە فەڕەنسا و عێراق ڕێکییان خستووە و سعودیە و ئێرانیش بەشداریی تێدا دەکەن، ئامانج لە کۆنفرانسەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر کێشەکانی ناوچەکە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ئامادەی کۆنفرانسەکە دەبێت، لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا کۆنفرانسێکی هاوشێوە لە بەغداد بەڕێوەچوو و ماکرۆن بە هەمان شێوە بەشداری تیادا کرد، بەڵام وەکو دەرخستنی پشتیوانی بوو بۆ عێراق.

بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی " بیرۆکەکە ئەوەیە ئەو ڕێگایە ببینین کە دەتوانین بیگرینەبەر بۆ ئەوەی بۆچوونی لایەنەکان لە یەکتر نزیکتر بکەینەوە. بیرۆکەی کۆنفرانسەکەی بەغداد کۆکردنەوەی لایەنەکانی ناوچەکە بوو بۆ گۆڕینەوەی بۆچوونەکانیان و بزانرێت چۆن لە ڕووی سیاسییەوە بەرەوپێشەوە بڕۆن."

هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێران بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، کە لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی نێوانیان تێکچوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG