Accessibility links

زانیاری لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران


پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی ئێران ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، ئەگەرچی زانیاریەکان ئاماژە بە کەمی رێژەی بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردندا دەکەن، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەڕێوەچوونی پـرۆسەکە بەسەرکەوتوو وەسف دەکەن.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، خەڵکێکی زۆر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆت کردووە و ڕێژەیەکی زۆریان لە لایەنگرانی ریفۆرم خوازەکانن. هەروەها هەواڵیش هەیە باس لەوە دەکەن کە بەشێکی خەڵکیش لە ترسی نەخۆشی کۆرۆنا نەچوون بۆ دەنگدادن. بەپـێی وێنەکانی لە تارانەوە هاتوون ژمارەیەک کارمەندی بنکەکانی دەنگدان و بەشێک لە خەڵکی دەمامکیان بەستووە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیـیەکە.

کاربەدەستانی ئێران ماوەی دەنگدادانەکەیان درێژکردووەتەوە بەو هیوایەی خەڵکێکی زیاتر بەشداری بکەن.

لە کاتێکدا بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی موحافیزکارەکان لە ژێر کاریگەری وتاری ئاخوند و زانایانی ئاینی شیعەدا، بەشداری پرۆسەکەیان کردووە، بەو پـێیەی زانایانی ئاینی شیعی، بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە ئەرکێکی شەرعی ناوبردووە.

زانیاریەکان ئاماژەبەوە دەکەن رێژەی بەشداری لە نێوان شار و پارێزگاکاندا جیاوازبووە، لە هەندێک شاری هاوشێوەی تاران، رێژەی بەشداری زۆر کەم بووە، لە کاتێکدا لەو ناوچانەی مەزهەبگەرایی تیایاندا زاڵە، وەکو شاری قوم، رێژەکە زیاتربوو.

بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنگرانی ریفۆرم خوازەکانەوە، پەیوەندی بە دۆخی خراپی وڵاتەکەیانەوە هەیە بە تایبەتی لە ڕووی دارایی و ئازادی. جگە لەوە لەسەر ئاستی تاران لیستیان نیە و وەکو پێشتر محەمەد خاتەمی پشتگیری نەکردوون.

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەرچەندە رێژەی بەشداری کەم بووە، بەڵام لە ئێستاوە موحافیزکارەکان بە سەرۆکایەتی قالیباڤ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی تاران و نزیک لە ڕابەری باڵای ئێران، بە پشتیوانی مەزهەبگەراکان، سەرکەوتنیان مسۆگەر کردووە.

زۆرێک لە چاودێرانی ناوخۆی ئێران، پێیان وایە قالیباڤ سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی ئێران دەبێت، لە رێگەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریشەوە خۆی بۆ سەرۆک کۆمار ئامادە دەکات.

XS
SM
MD
LG