بەرپرسێکی ئەمەریکایی لە ناوچەکەدا ڕایگەیاند کە ئێران لە کەنداو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی دژی کەشتییەکی مەشق تاقی کردۆتەوە و بەبێ ئەوەی کەشتییەکانی دیکەی ناوچەکە ئاگادار بکاتەوە موشەکێکی دیکە یاخود فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەشی هەڵداوە.
بەرپرسەکەی ئەمەریکا بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ڕۆژی چوارشەممە لە بەندەری جاسکی ئێرانەوە لە سنووری ئاوی ئێران خۆیدا، دژی کەشتییەکی مەشق بەکارهاتووە.
بەرپرسەکە وتی "ئەمە لە بنەڕەتدا ڕاهێنانێکە لەسەر بە ئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و ئەوە تەنها هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەو کارە لە کەنداوی عوماندا بکەیت."
لە ساڵی 2019 ەوە ئەمەریکا ئێرانی بە بەرپرس داناوە لەسەر هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی کەنداودا، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت و شتومەکەکان لە جیهاندا.
ئێران ماوە بە ماوە تەقەمەنی یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی تاقی دەکاتەوە و ڤیدیۆکانی بڵاودەکاتەوە.
بەرپرسەکە وتی "نزیکترین کەشتی بازرگانی نزیکەی 30 میل لە کەشتی مەشقەکەوە دوور بووە، بەڵام هێشتا مەترسیدار بووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز