تۆزێک پێش هێرشەکەی سەر هەولێر لە لایەن ئێرانەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە خوانێکی ئێوارەدا لە داڤۆسی سویسرا، میوانداری سەرکردە بازرگانی و سیاسییەکانی دەکرد بۆ پیشاندانی باشتربوونی ئاسایش و دارایی عێراق.
دوو ئامادەبووی ئێوارە خوانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە لە کاتێکدا کە بۆنە تایبەتەکە خەریک بوو کۆتایی دەهات، هەواڵێک گەیشت لەسەر ئەوەی ئێران موشەکی باڵیستیکی ئاڕاستەی " بارەگایەکی سیخوڕی " کردووە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئامادەبووە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت چونکە ئێوارەخوانەکە بە ڕووی ڕاگەیاندنەکاندا داخراوبووە، گوتی " هەندێک کەس لە ئێوارە خوانەکە سەیرییان دەکرد بزانن ماڵەکانییان لێی نەدراوە."
هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە ڕاستەوخۆترین دەستوەردانی ئێران لەقەڵەم دەدرێن، هەروەها ترس و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کرد.
لە کاتێکدا کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە حیزبوڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن هێرشەکانییان لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە، تاران ڕوونی کردووەتەوە کە جەنگی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ناوێت.
بەڵام بۆ هەندێک لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر پیشاندەری ئارەزوو و خواستی ئێران بوو بۆ ڕۆڵگێڕانی لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی شەڕی غەززە.
سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە بیرکردنەوەی تارانەوە بە ڕۆیتەرزی وت " ئێرانییەکان کورسییەکییان ویستووە لەسەر مێزەکە" و وتی "مەبەستی ئێران لەو کارانەی بەرزکردنەوەی دەنگ و پێگەی ئێران بووە بۆ زاڵبوون لەسەر چۆنییەتی دەرنجامەکانی شەڕی غەززە و ویستویەتی ڕێگە نەدەات ئەمەریکا و ئیسڕائیل بەسەر دەرەنجامەکەدا زاڵ بن.
وەلی نەسر پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قوتابخانەی جۆنز هاپکینز بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی پێشکەوتوو لە داڤۆس وتی "پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە یاری کۆتایی بۆ ئێران و حیزبوڵا و حوسییەکان چی دەبێت؟ ئەوان نایانەوێت ئیسرائیل و ئەمەریکا دەرنجامەکانی شەڕی غەززە دەستنیشان بکەن."
شارەزایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی توێژینەوە پێشکەوتووە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، ڤالی ناسر، وتی " پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە یاری کۆتایی بۆ ئێران و حیزبوڵا و حوسییەکان چی دەبێت؟ نایانەوێت ئیسڕائیل و ئەمەریکا بەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی جەنگەکەی ناو غەززەدا زاڵ ببن."
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، کە تەنها شاندی فەڕمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە داڤۆس، ڕۆژی چوارشەممە وتی هێرشەکان دژی ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی لەلایەن " بەرەی بەرهەڵستکارانەوە " کۆتایی دێت ئەگەر جەنگەکەی ناو غەززە کۆتایی پێبێت.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا گیێر پیدەرسن دوو ڕۆژ دوای هێرشەکە لە پانێڵی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی " من زۆر نیگەرانم. پێم وایە پەرەسەندن و زیادبوونی گرژییەکانمان بینی."
وتی " باوەڕم وایە ئێرانییەکان پەرەسەندنی گرژییەکانییان ناوێت لە داهاتوودا، پێم وایە ئەوان یاری بە ئاگر دەکەن."
ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەلوپەلی سەربازیی دیکە بۆ حوسییەکان و ڕووسیا لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا، هەروەها یارمەتیدانی حەماسیش لە ڕووی داراییەوە.
ئێران دەڵێت پشتیوانی لە حوسییەکان دەکات بەڵام ڕەتی دەکاتەوە چەکییان بداتێ. هاوکات بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە چەکی بە ڕووسیا فرۆشتووە، تاران دەڵێت هیچ چەکێکی نەداوە بە مەبەستی ئەوەی ئەو چەکانە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاربهێندرێن.
کوردستان
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر جیهانی بە بیر هێنایەوە لەسەر ئەوەی ئێران چەند بە قووڵی دەستیوەرداوەتە سیاسەتی ناوخۆی عێراقی دراوسێیەوە.
ڕۆژێک دوای هێرشەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەندامانی شاندەکەی و هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی لە کوردیش هاوس لە داڤۆس کۆکردەوە.
وتی " ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئێمە بەشێک نین لەم ململانێیە. نازانین ئێران بۆچی تۆڵە لە هاووڵاتییانی سڤیلی کوردستان دەکاتەوە، بە تایبەتی لە هەولێر."
ئێران داکۆکی لە هێرشەکان کرد و وتی " مافی ڕەوای خۆیەتی ڕێگری لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتیمانی بکات."
بەغداد باڵیۆزەکەی لە تاران بانگکردەوە و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە محەمەد شیاع سودانیش وتی هێرشەکانی " دوژمنکارییەکی ئاشکران " دژی عێراق و زیادکردنی گرژییەکانن بە شێوەیەکی مەترسیدار.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
خواستی ئێران بۆ زاڵبوون بەسەر دەرئەنجامەکانی شەڕی غەززە لە داڤۆس هەستی پێکراوە
