کاربەدەستێکی دیکەی ئێران بە نەخۆشی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا و هاوکات زیاتر لە هەزار حاڵەتی تووشبوونی نوێ لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو لەو وڵاتە تۆمارکراون.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند ئایەتوڵڵا سەید هاشم بەتحایی(بطحایی) نوێنەری تاران لە ئەنجومەنی ناسراو بە "خبرگان" لە نەخۆشخانەی شەهید بەهشتی قوم کۆچی دوایی کرد بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆرۆنا.
چەندین کاربەدەستی حکومەتی ئێران تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون کە لە وەزارەت و پەرلەمان و سوپای پاسدارنن، تەنانەت ژمارەیەکیان کاربەدەستن لە وەزارەتی تەندروستی، ئەمەش نیگەرانی لە بەرامبەر تواناکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیـیەکە.
بەپـێی دوایـین ئاماری فەرمی ئێران کە هەرچەندە زۆرێک پـێـیان وایە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدانی ئاکامی نەخۆشیـیەکە کەم دەکەنەوە، هەتا ئێستا 14,991 کەس تووشبوون و 853 گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 129 کەسیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو گیانیان لەدەستداوە.