Accessibility links

ڕاپـۆرت: کاربەدەستێکی ئێرانی گوتویەتی بە ملیۆنان لە دانیشتوانی تاران تووشی کۆرۆنا دەبن


بەپـێی چەند میدیایەکی ئێرانی کاربەدەستێکی تەندروستی ئێران پـێشبینیـیەکی ترسناکی بۆ تارانی پایتەخت کردووە سەبارەت بە نەخۆشی کۆرۆنا، دەڵێت ژمارەیەکی ئێجگار زۆر دانیشتووی ئەم شارە تووشی نەخۆشیـیەکە دەبن.

ڕۆژنامەی ئێران و ماڵپەڕی همشهری ئۆن لاین دەڵێن مەسعود مەردانی ئەندامی کۆمیتەی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گوتویەتی پـێشبینی دەکەین 30 بۆ 40 % ی خەڵکی تارانی پایتەخت هەتا کۆتایی مانگی سێ تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بن.

بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکان ژمارەی دانیشتوانی تاران زیاتر لە 12 ملیۆن کەسە و ئەگەر ئەم پـێشبینیـیەی ئەم کاربەدەستە ڕاستبێت، ئەوا بە لایەنی کەم 3 بۆ 4 ملیۆن کەس لە پایتەختی ئێران تووشی نەخۆشیـیەکە دەبن.

میدیا فەرمیـیەکانی حکومەتی ئێران هیچیان لەم بارەیەوە نەوتووە.

هاوکات سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستی ئێران گوتویەتی قوتابخانە و زانکۆکان بۆ ماوەی یەک مانگ دادەخرێن، لە پـێناو دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیەکە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر کاربەدەستانی ئێران بڕیاریان دا زیاتر لە 54 هەزار زیندانی بە کەفالەت ئازادبکەن تاوەکو نەخۆشیـیەکە لە نێو زیندانەکانیش بڵاونەبێتەوە.

غولام حسێن ئیسماعیلی گوتەبێژی دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی مۆڵەت بە زیندانیکراوەکان دراوە بە کەفالەت لە بەندیخانەکان بچنە دەرەێ پاش ئەوەی تاقیکردنەوەکان پـیشانیان داوە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا نەبوون.

بەڵام بڕیارەکە ئەو زیندانیکراوانە ناگرێتەوە کە لە 5 ساڵ زیاتر حوکمدراون.

بەپـێی دوایـین ڕاپـۆرتی فەرمی ئێران کە هەرچەندە گومانی زۆریان لەسەرە، هەتا ئەمڕۆ پـێنجشەممە 3,513 کەس لە ئێران تووشبوون و 107 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG