Accessibility links

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: 23 پەرلەمانتار تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند 23 پەرلەمانتاری وڵاتەکەی تووشی نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەوەی هەتا ئێستا بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکانی ئێران 77 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فارس ڕایگەیاند عەبدولڕەزا میسری پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ئەم هەواڵەی بۆ میدیاکان ئاشکراکرد و داوای لە پەرلەمانتاران کرد تێکەڵاوی خەڵکی نەبن و بە تایبەتی لەم کاتەی لە جەژنی نەورۆز نزیک دەبنەوە.

گوتوشیەتی سەرۆکی ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا چەند جارێک پەیوەندی بە پەرلەمانەوە کردووە تاوەکو دانیشتنەکانی پەرلەمان ڕابگیرێن، چونکە پەرلەمانتاران لە ناوچەکانی خۆیانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناو پەرلەمان و شیانی هەیە ڤایرۆسی جۆراوجۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابێت، بۆیە بەردەوامبوونی پەیوەندیکردنیان بە خەڵکەوە ڕەنگە زیان بەو خەڵکە بگەیەنێت.

جێی ئاماژەیە پەرلەمانی ئێران لە 290 پەرلەمانتار پـێکهاتووە.

لە لایەکی دیکە میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند پـیر حسێن کولیوەند سەرۆکی گشتی فریاگوزاری ئێران ئەویش تووشی نەخۆشیـیەکە بووە.

هاوکات ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکراوەتەوە و تیایدا کەسێک دەڵێت ئەوە نەخۆشخانەیەکی شاری قومە و بە دەیان تەرمی ئەو کەسانەی تێدایە کە بەهۆی نەخۆشیـیەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپـێی هەواڵەکانی لە ناو ئێرانەوە دێن ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا زۆر زیاترن لە ژمارە فەرمیـیەکان. هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ لە ناو ئەو وڵاتەدا نیـیە ئامارە ڕاستەکان بڵاوبکاتەوە.

XS
SM
MD
LG