ئێران سەرکۆنەی هێرشە کوشندە تۆڵەکردنەوەکەی ئیسڕائیل دەکات بۆ سەر بەندەری حودەیدەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان لە یەمەن، حوسییەکان وتییان هێرشە ئاسمانییەکە بووەتە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.
درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی " بە توندی سەرکۆنەی " هێرشەکەی کرد و وتی " دەربڕینی ڕەفتارە دوژمنکارییەکەی ڕژێمە منداڵکوژەکەی ئیسڕائیل بووە."
ڕۆژی شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بەندەری گرنگی حودەیدەی یەمەن، ئەوەش لە وەڵامی هێرشێکی کوشندەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکاندا بۆ سەر تەل ئەڤیڤ کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی سڤیل.
حوسییەکان لەو کاتەوە هەڕەشەی وەڵامێکی تۆڵەکردنەوەی " گەورە " دژی ئیسڕائیل دەکەن.
کەنعانی وتیشی ئیسڕائیل و لایەنگرەکانیشی بە ئەمەریکاشەوە " ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە دەرەنجامە مەترسیدار و پێشبینی نەکراوەکەی بەردەوامبوونی تاوانەکان لە غەززە و هەروەها هێرشکردنە سەر یەمەنیش."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە لە مانگی 10 دا، گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیادییان کردووە، ئەو گروپە چەکدارییانەی ناو سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەنیش کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات هاتوونەتە ناو گرژییەکانەوە.
بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیلی، لە هێرشەکەی چەکدارانی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیران.
ئیسڕائیل لە وەڵامی ئەو هێرشەدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە غەززە دەستپێکرد و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن هەڵمەتەکە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 39,000 فەلەستینی. ئیسڕائیل دەڵێت 326 سەربازی لە غەززە کوژراون.
حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنان و حەماس لە غەززە بەشێکن لە " بەرەی بەرخۆدان " کە تاران پشتیوانییان لێدەکات و دژی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی وەستاونەتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە پشتیوانییەکانی کردووەتەوە بۆ ئەو گروپە چەکدارییانە، بەڵام سوور بووە لەسەر ئەوەی کە گروپە چەکدارییەکان خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن و سەربەخۆن لە کارەکانییاندا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا