میدیای ئێران بڵاویکردەوە هێزە دەریاییەکانی ئێران، ڕووسیا و چین لەم هەفتەیەدا مەشقێکی سەربازیی لە دەرەوەی کەناری ئێران ئەنجام دەدەن لە هەوڵێکییاندا بۆ پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانییان.
سێ وڵاتەکە کە ئارەزوویەکی هاوبەشییان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی " هەژموونی ئەمەریکا "، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا مەشقی سەربازیی هاوشێوەیان لە ناوچەکەدا ئەنجام داوە.
دەزگای هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە مەشقەکان " ڕۆژی سێشەممە لە بەندەری چابەهار دەست پێدەکەن،" کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە لەسەر کەنداوی عومان. بەڵام ئاماژەی بە ماوەی مەشقەکان نەدا.
تەسنیم وتی " کەشتییە جەنگییەکان و کەشتییەکانی پشتیوانی هێزی دەریایی چینی و ڕووسیایی و کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی سوپا و پاسدارانی ئێران پێشبینی دەکرێت بەشدار بن."
وتیشی مەشقەکان لە " باکووری دەریای هیندی " بەڕێوەدەچن و ئامانج لێیان " پتەوکردنی ئاسایشی ناوچەکە و فراوانکردنی هاریکارییە چەند لایەنەکەی نێوان وڵاتانی بەشداربووە."
هەریەک لە وڵاتانی ئازەربایجان، ئەفریکای باشوور، عومان، کازاخستان، پاکستان، قەتەڕ، عێراق، ئیماڕات و سریلانکا وەکو چاودێر ئامادە دەبن.
وەزارەتی بەرگری چین وتی " چین کەشتییەکی تێکشکێنەر و کەشتییەکی پشتیوانی " ڕەوانە دەکات.
سوپای ئێران لە مانگی دوودا لە هەمان ناوچەدا مەشقی دەریایی ئەنجامدا بۆ " پتەوکردنی تواناکانی بەرگری دژی هەر مەترسییەک."
سەرچاوە/ فرانس پرێس/ دەنگی ئەمەریکا