Accessibility links

ئێران بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە بەرنامە موشەکییەکەی


ئێران ئەو فشارانەی ڕەت کردەوە کە خراونەتە سەری بۆ ڕاگرتنی بەرنامە موشەکیە باڵیستیکییەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی جۆرە موشەکێکی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوەکی هەیە.

نوێنەرانی هەریەک لە وڵاتانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە نامەیەکدا داوایان لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش کرد بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕابگەیەنێت لە ڕاپۆرتی داهاتوویدا ئاماژە بەوە بدات بەرنامە موشەکییەکەی ئێران " لەگەڵ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک ناگرێتەوە " کە بەپێی ئەو بڕیارە ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 دا ڕێکەوتنی ناوەکیان واژۆ کرد.

لە وەڵامی ئەمەدا ئێران وتی سوورە لەسەر بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی و چەند جارێکیش وتی ئەم بەرنامەیە تەنها بۆ هۆکاری بەرگرییە و پەیوندییە نیە بە چالاکییە ناوەکییەکانیەوە.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان مەجید تەختەروانچی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئێران سوورە لەسەر بەردەوامبوونی لە چالاکییە موشەکییە باڵیستیکیەکانی."

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف سەرکۆنەی دەستوەردانی ئەوروپای کرد.

جەواد زەریف لە تویتەر نوسیویەتی " وتارەکانی ئەمدواییانەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە بەرنامە موشەکیەکەی ئێران درۆیە و بۆ ئەوەیە کە خۆیان بەدووربگرن لە بەرپرسیارێتیەکانیان لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا." هەروەها داواشی لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا کرد نەچنە ژێر دەستی ئەمەریکاوە.

لە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە ساڵی 2015 دەرچوو هاتووە دەبێت بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئێران لە بواری موشەکی باڵیستیکیدا کار نەکات کە ئەو موشەکانە دەتوانن کڵاوەی ناوەکی هەڵبگرن.

هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوانەش ڕوسیا مشتومڕیان کرد لەسەر بڕیارەکە و یەکێکیشە لەو وڵاتانەی کە مافی بەکارهێنانی ( ڤیتۆ ) هەیە لەسەر هەر بڕیارێکی ئەنجومەنەکە، لەو کاتەدا وتی زمانی بڕیارەکە ناچاری ناکات پابەند بێت پێوەی.

فەڕەنسا وتی چالاکییە موشەکیە باڵیستیکییەکانی ئێران لەگەڵ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک ناگرێتەوە کە هەمان بڕیار پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کردووە، هەروەها داوای لە تاران کرد بەپێی ئەو بڕیارە پابەند بێت بە هەموو بەرپرسیارێتییەکانیەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG