دوابەدوای دەستگیرکردنی حوسەین شانبەهزادەی سەرنوسەری ئەدەبی و چالاکوان و زیندانییەکی پێشووی سیاسیی، داواکاری گشتی تۆمەتباری کرد بە تۆمەتی " هەبوونی پەیوەندییەوە بە ئەفسەرانی باڵای موسادەوە." موساد دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیلە.
جەلال ئافاقی داواکاری گشتی لە شاری ئەردەبیلی باشووری ڕۆژئاوای ئێران بەبێ ئەوەی ناوی شانبەهزادە بهێنێت ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستە کرد. ئافاقی وتی کەسە دەستبەسەرکراوەکە بە تۆمەتی " سیخوڕیکردن بۆ ئەفسەرانی باڵای موساد و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئایین و ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆر لە کوفر " تۆمەتبار کراوە.
بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو، ئافاقی وتی شانبەهزادە " لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندی بە ئەفسەرانی باڵای موسادەوە کردووە."
دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە هەواڵی دەستگیرکردنی سەرنوسەرەکە بڵاوکرایەوە، خێزانەکەی نیگەرانییان دەربڕی سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون. خێزانی شانبەهزادە لە بەیاننامەیەکدا وتی نیگەرانن لەسەر دۆخی شانبەهزادە بەهۆی مەترسیداریی ئەو تۆمەتانەوە کە ئاڕاستەی کراون.
خێزانەکەی وتی " نیگەرانی سەرەکیمان لەسەر تەندروستی حوسەینە، چونکە ئێمە نازانین ئەو دەسەڵاتەی گرتوویەتی چییە و ئەو شوێنەش نازانین کە تێیدا دەستبەسەرکراوە."
خێزانەکەی وتیشی ڕێگە نەدراوە بە شانبەهزادە دەستی بگات بە پارێزەرێک یان پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات. عەباس شانبەهزادە پێشتر نیگەرانی دەربڕیبوو سەبارەت بە " کاریگەرییەکانی ئەم تۆمەتە مەترسیدارانەی " کە ئاڕاستەی حوسەین شانبەهزادەی برای کراون.
داواکاری گشتی ئەردەبیل وتی دۆسییەیەکی یاسایی کراوەتەوە دژی ئەم چالاکەوانەی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئۆفیسی داواکاری گشتی تاران، بە پشتبەستن بە شاندی دادوەریی لە پارێزگای ئەردەبیل بەدواداچوونی بۆ کراوە.
حوسەین شانبەهزادە لەسەر ئەوە دەستگیرکراوە کە لە کۆمێنتێکدا لەسەر پۆستێکی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە ئێکس تەنها یەک خاڵی نوسیوە. شانبەهزادە لە ئێکس ناوی ساختە بەکاردەهێنێت و بەکارهێنەرەکانی دیکە ڵایکی ئەو خاڵەی شانبەهزادەیان کردبوو، ڵایکی کۆمێنتەکەی شانبەهزادە دوو هێندە زیاتر بوو لە ڵایکەکانی سەر پۆستەکەی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی.
داواکارەکەی ئەردەبیل دەڵێت گوایە شانبەهزادە ویستوویەتی وڵاتەکە جێبهێڵێت لە ڕێی تێپەڕبوونییەوە بە ئەردەبیل و بۆستاناباد و دواجار گەیشتنی بە ئورمیا. ئورمیا گەورەترین شارە لە پارێزگای ئازەربایجان لە ڕۆژئاوا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە شانبەهزادە پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت وردەکاری گەشتەکەی بۆ ئەردەبیل پیشاندابوو، بە بڵاوکردنەوەی نوسراو و وێنەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس.
شانبەهزادە بەوە ناسراوە کە لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکان شت دەنوسێت، هەندێک لە ئەزموونەکانیش لەو ماوەیەدا کە لە زینداندا بووە بڵاو دەکاتەوە، یەکێک لەوانەش ئەوەیە کە کاتێک لە زینداندا بووە شەقی لێدراوە.
لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران فشارەکانی سەر چالاکەوانە مەدەنی و سیاسییەکان زیاتر کردووە.
پێشتریش چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پوران نازمی بە دەنگی ئەمەریکای وت کە فشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خێزانەکانی قوربانییان و زیندانییان و چالاکەوانە سیاسیی و مەدەنییەکان زیادییان کردووە.
وتی حکومەت هیچ نیازێکی نیە بە ئاڕاستەی چاکسازی یاخود کشانەوەدا بجووڵێت. نازمی وتی فشارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر چالاکەوانەکان بە گشتی، ئیتر چالاکەوانی ژینگە بن یاخود مەدەنی و سیاسیی، گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە.
سەرچاوە: بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا