Accessibility links

ئێران: ڕەنگە وتووێژە ناوکییەکان هەتا دوو سێ مانگی تریش دەستپێنەکەنەوە


بە پێی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتووێژە ڕاگیراوەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا ڕەنگە هەتا دوو سێ مانگی تریش دەستپێنەکەنەوە.

وتووێژەکانی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەڕێوە دەبرێت، لە مانگی چوار دەستیپێکرد لە هەوڵێکدا بۆ ئەویە ئەمەریکا بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی 2015 مۆرکرا. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و دەستیکرد بە سەپاندنەوەی سزا سەختەکان بەسەر ئێراندا.

دانوستانەکان لە 20ی مانگی شەشدا دوای دوو ڕۆژ لە سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، ڕاگیران و هەتا ئێستاش هیچ کاتێک بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو دیاڵۆگە دیاری نەکراوە.

وەزیری دەرەوەی نوێی ئێران حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران کە ئێوارەی سێشەممە پەخشکرا گوتی " ئێمە هەوڵ نادەین خۆمان لە گفتوگۆکان بدزینەوە.. حکومەت ئەو گفتوگۆیە بە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە دەزانێت کە درەنجامێکی گونجاو بەرهەمبهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران."

ئەو گوتیشی وتووێژەکانی ڤیەنا " یەکێکە لە پرسەکانی ڕێبازی دەرەوەیی و ئەجێندای حکومەت." بەڵام گوتیشی " لایەنەکانی تر باش دەزانن پرۆسەیەکی دوو سێ مانگی پێویستە بۆ حکومەتێکی نوێ تا خۆی دادەمەزرێنێت و دەستدەکات بە بڕیاردان."

وەزیری دەرەوەی فەرەنساژان ئیڤ لۆدغیان ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە هاوشانە ئێرانییەکەی کرد دەستبەجێ وتووێژەکان دەستپێبکرێنەوە.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند لۆدغیان لە میانەی پەیوەندییەکەیدا جەختی لە " گرنگی و پێویستی خێرایی دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان کردەوە، کە لە مانگی شەشەوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە ڕاگیراوە."

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی
سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی

ڕئیسی لە سەرەتای مانگی هەشتدا بووبە سەرۆک کۆمار و جێگای حەسەن ڕۆحانی میانەڕەوی گرتەوە کە لە ساڵی 2015 ئەو ڕێککەوتنەکەی ئێران و زلهێزانی جیهانی مۆرکرد.

کابینەی ڕەئیسی پاش پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە لە 26 ی هەشت دەستبەکار بوو.

بە پێی ڕێککەوتنی ساڵی 2015 سزا ئابورییەکانی کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواو نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێندرابوو بەسەر ئێراندا، سوککرا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی ئێران و چاودێریکردنی بەرنامەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

پاش ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، ئێرانیش سەرپێچی زۆرێک لەبەندەکانی ڕێککەوتنەکەی کرد و دەستیکردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئاستێکی بەرزدا. بەڵام سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا جۆو بایدن دەخوازێت واشنتن بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە.

ئێران و پێنج وڵاتی تری کە لە نێو ڕێککەوتنەکەدا ماون بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕوسیا بەشدارن لە وتووێژەکانی ڤیەنادا.

ئەمەریکاش بەشدارە بەڵام ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا لە پەیوەندیدا نییە.

XS
SM
MD
LG