Accessibility links

کابینەی ئیبراهیمی ڕەئیسی لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند دەکرێت


پەرلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەندامە سەرەکییەکانی کابینەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی نوێی ئێران، بەڵام تەنها یەک کەس پەسەند نەکرا ئەوەیش حسێن باغگلی کە لەلایەن ڕەئیسییەوە کاندید کرابوو بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە.

ڕەئیسی کۆنەپارێز، کە لە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوادایە بەهۆی تۆمەتەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ کاتێک کە دادوەربوو، ڕۆژی پێنجی مانگی هەشت سوێندی یاسایی خوارد لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی چەندین قەیران لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتیش بووەتەوە.

پەرلەمانی زۆرینە کۆنەپارێزی ئێران حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیانی دژە ڕۆژئاوای وەکو وەزیری دەرەوەی نوێ پەسەند کرد. بڕوا دەکرێت پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، بزووتنەوەی حزبوڵای لوبنانی و بەکرێگیراوەکانی تری ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان باڵیۆزی پێشووی ئێران بۆ بەحرەین لە ساڵی 2011 بۆ 2016 جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری عەرەب و ئافریکا بوو. و لە 1997 وە بۆ 2001 یش جێگری باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بوو.

پەرلەمانی ئێران هەروەها جەواد ئۆجی جێگری وەزیری پێشووی نەوت و بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی غازی حکومەتی وەکو وەزیری نوێی نەوت پەسەند کرد.

کابینەکەی ڕەئیسی بریتیە لە چەند سەرکردەیەکی سوپای پاسداران وەکو وەزیری ناوخۆ ئەحمەد وەحیدی، کە وەزیری پێشووی بەرگری و سەرکردەیەکی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بوو. چەند ئەندامێکی کابینەکەی ڕەئیسی لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG