Accessibility links

عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ: پارتی ھیچ لێکدانەوەیەکی بۆ ھەڵوێستەکانی کۆمەڵی ئیسلامی نییە


عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ
عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ

دوکتور خەسرۆ ئەوەش رەتدەکاتەوە کە یەکگرتوو لەبەر ئەوە بووبێتە ئۆپۆزیسیۆن چونکە لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە فەرامۆش کراوە.

لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەوەختی پێکھێنانی کابینەی نوێدایە، لە مانگی رابردوو سێ شاندی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بە جیا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. سه‌باره‌ت به‌ ئه‌م بابه‌ته‌، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ چاودێری سیاسی پێیوایە که‌ بەشێك لەم سەردانانە پەیوەستن بە سیاسەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی خۆیان بەھێز بکەن و لە ھەمانکاتیشدا جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان حزبە ئیسلامییەکاندا ھەیە کە نەیانتوانیووە وەك بەرەیەك لە حکومەتدا بەشدار بن.

هه‌روه‌ها ئه‌و شیده‌کاته‌وه‌ که‌ لە ئێستایشدا ئەوەی چاوەڕێ دەکرێ ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو بەردەوام نەبێ، دوای ئەوەی کە ھیچ ئەندامێکی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان وەرنەگیرا و یەکگرتووش بۆ ئێستا وەك ئۆپۆزیسیۆن خۆی راگەیاندووە ئەمەیش بۆ دووبارە رێکخستنەوەی خۆیەتی دوای ئەنجامی خراپی ھەڵبژاردنەکان.

دوکتور خەسرۆ ئەوەش رەتدەکاتەوە کە یەکگرتوو لەبەر ئەوە بووبێتە ئۆپۆزیسیۆن چونکە لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە فەرامۆش کراوە و دەڵێ، " ئەگەر یەکگرتوو بڕیاری دابا بەشداری لە حکومەتی ھەرێمدا بکات، ئەوا پارتی رەچاوی ھەڵوێستەکەی دەکرد و یەکگرتوو دەبووە بەشێك لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەبارەت بە کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوە پارتییە کە کۆمەڵی فەرامۆشکردووە ئەوەش لەبەر ئەوەی لە قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم و بابەتی کشانەوە لە حکومەت و خۆپێشاندانەکان کۆمەڵی ئیسلامی رۆڵی خراپی ھەبووە و وە لە لای سەرکردەکانی ناو پارتی ھیچ لێکدانەوەیەک بۆ ھەڵوێستەکانی کۆمەڵ نییە."

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت که‌ ھێشتا پارتی لەوە تێنەگەیشتووە کە بۆچی کۆمەڵ چووە بەرەی حزبە ناڕازییەکان و دژ بە ئەو وەستایەوە!

لە مانگی رابردوودا ھەر سێ سەردانەکانی حزبە ئیسلامییەکان لەسەر بانگھێشتی د. بەرھەم ساڵح سەرۆك کۆماری عێراق بووە، دەنگی ئەمریکا ویستی بۆچوونی ئەم چاودێرە سیاسییە بزانێ لەسەر ئەوەی کە بۆچی د. بەرھەم ساڵح تەنیا لایەنە ئیسلامییەکانی بانگھێشت کردووە؟ لە وەڵامدا د. عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "د. بەرھەم خۆی کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە ھەمانکاتیشدا کۆمەڵێك ئەرکی لەسەر شانە. یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوەیە کە بتوانێت بەرەیەک دروستبکات پاڵپشتی لە یەکێتی بکەن، جگە لەمەش ئەوەتا دەبینرێ تەنانەت یەکێك لە راوێژکارەکانی خۆیشی لە کۆمەڵی ئیسلامییە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئامانجی سەرەکی سەرۆک کۆمار ئەوەیە حزبە ئیسلامییەکان لە یەکێتی نزیکبکاتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:52 0:00

XS
SM
MD
LG