Accessibility links

لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترس لە ئیسلامدا بایدن دەڵێت درک بەو ڕەق و کینانە دەکەین کە موسوڵمانان ڕووبەڕووی دەبنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترسدا لە ئیسلام وتی لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترسدا لە ئیسلام، ئەو ڕقە دەبینین کە موسوڵمانان بەهۆی باوەڕییان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناشرینی ترس لە ئیسلام لە دوای جەنگەکەی ناو غەززە ڕووبەڕووی دەبنەوە. با جارێکی دیکە خۆمان تەرخان بکەینەوە بۆ جیهانێک کە خەڵکەکە بە هەموو باوەڕێکەوە بتوانن ئازادانە و بەبێ ترس بژین.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بەیاننامەیەکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترس لە ئیسلامدا بڵاوکردەوە و دەڵێت " پێنج ساڵ لەمەوبەر، چەکدارێک لە هێرشێکی تیرۆریستی دڕندانەدا لە ماوەی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتی ئەلنوور و ناوەندی ئیسلامی لینوود لە کڕایستچێرچ لە نیوزلەندا 51 نوێژخوێنی موسوڵمانی کوشت و 41 کەسی دیکەی بریندار کرد. بەردەوام دەبین لە دەربڕینی پرسەی خۆمان و بەرزڕاگرتنی قوربانییانی ئەم تراجیدیا خراپە و خێزانەکانییان."

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت " لە پێناو یادکردنەوەی هێرشەکانی کڕایستچێرچ و زیادکردنی هەوڵە جیهانییەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕق و کینە، نەتەوە یەکگرتووەکان 15 ی مانگی سێی وەکو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترس لە ئیسلامدا ڕاگەیاندووە. لەم کاتەدا کە ترس لە ئیسلام لە سەرانسەری جیهاندا زیادیکردووە، ئەمەریکا سەرکۆنەی سەرجەم کارەکانی ڕق و توندوتیژی دژی موسوڵمانان دەکات."

ئاماژەشی بەوەدا " ئەم ساڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترس لە ئیسلامدا کەوتووەتە مانگی ڕەمەزانەوە، ئەوانەش دەبینین کە ڕووبەڕووی کۆتوبەند بوونەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکانییان لە مانگەکەدا، بە تەنها یاخود بە کۆمەڵ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، هەروەها ئەوانەش دەبینین کە بەهۆی باوەڕە ئاینییەکانیانەوە بێزار دەکرێن، زیندانی دەکرێن، یاخود تەنانەت دەکوژرێن. ئەم پێشێلکارییانە زۆرجار دژی کۆمەڵگە کەمینە موسوڵمانەکان ڕوودەدەن. ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە وەستان دژی لێدوانی نامرۆیی و ڕق و کینە دژی موسوڵمانان لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بێت.

هاوکات سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە پەیامێکدا وتی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ترس لە ئیسلام لە کاتێکدایە کە زیادبوونی ڕق و کینە دژی موسوڵمانان لە چەند بەشێکی جیهاندا لە زیادبووندان.

گۆتێرێش وتیشی " جیاکاریی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و کۆتوبەندەکان ماف و شکۆی موسوڵمانان پێشێل دەکەن. لێدوانی دووبەرەکیکەر و چەواشەکاری کۆمەڵگەکان چەواشە دەکەن، بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە لە ڕێی ئۆنلاینەوە توندوتیژییەکان زیاتر دەکەن.

زۆربەی ئەم ڕەوتە نائارامکەرە بەشێکە لە شێوازێکی فراوانتری هێرشکردنە سەر گروپە ئاینییەکان و دانیشتوانی لاواز، بە جووەکان و کەمینە کۆمەڵگە کریستیانەکان و ئەوانی دیکەشەوە."

ڕایشیگەیاند "دەبێت ڕووبەڕووی خۆپەرستی ببینەوە و ڕەگ و ڕیشەی لەناوببەین بە هەموو شێوازەکانییەوە. سەرکردەکان دەبێت وتاری بە کێشە سەرکۆنە بکەن و ئازادی ئایینی بپارێزن. سەکۆ دیجیتاڵییەکان دەبێت ناوەڕۆکی ڕقاوی مامناوەند بکەن و بەکارهێنەران لە هەراسانکردن بپارێزن."

ڕۆژی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا یان ترس لە ئیسلام ڕێوڕەسمێکی نێودەوڵەتییە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 2022 دیاری کراوە. 15 ی مانگی سێی هەموساڵێک لە 140 وڵاتی جیهاندا بەڕێوە دەچێت. هەڵبژاردنی 15ی سێ بۆ ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی هێرشێکی دەستڕێژی گولە لە مزگەوتی کرایستچەرچ، لە نیوزیلاند کە تێیدا 51 کەس لە کاتی نوێژی هەینیدا کوژران.

سەرچاوە تویەتەری بایدن، نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوە

XS
SM
MD
LG