Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت سەدان هەزاران کەس لە ماوەی ململانێکاندا لە لانیکەم 85 وڵاتدا بێسەروشوێن بوون


نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنکراواندا دەڵێت بێسەروشوێنکردن لە ناو کۆمەڵگەکاندا وەکو ستراتیژییەک بەکارهێندراوە بۆ خستنەوەی ترس. بێسەروشوێنکردن بووەتە کێشەیەکی جیهانی و تایبەت نیە بە ناوچەیەکی دیاریکراوەوە لە جیهاندا، پێشتر بێسەروشوێنکردن بەرهەمی دیکتاتۆریی سەربازیی بوو بەڵام ئێستا دەکرێت لە دۆخە ئاڵۆزەکاندا لە ململانێ ناوخۆییەکاندا ئەنجام بدرێت، بە تایبەتی وەکو ئامڕازێکی سەرکوتکردنی ڕکابەرە سیاسییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە لانیکەم 85 وڵاتدا لە ماوەی ململانێکان یاخود سەرکوتکارییەکاندا سەدان هەزاران کەس بێسەروشوێن بوون.

ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنکراوەکان ڕێککەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 21 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2010، کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری 65/209 نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی بێسەروشوێنکردن یاخود بێسەروشوێنبوونی خۆبەخشانە لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانەش دەستگیرکردن و دەستبەسەرکران و ڕفاندن.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمان بڕیار 30 ی مانگی هەشتی دیاریکرد وەکو ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنکراوان، لە ساڵی 2011 ەوە ئەم ڕۆژە یاد دەکرێتەوە.

بەپێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بێسەروشوێنکراوان، عێراق لە ساڵی 1986 ەوە تاوەکو ئێستا 250,000 بۆ 1 ملیۆن کەسی بێسەروشوێنی هەیە، ئەمەش وایکردووە عێراق یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنی تێدایە لە جیهاندا.

سەرچاوە: نەتەوە یەکگرتووەکان

XS
SM
MD
LG