Accessibility links

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی دەستگیرکردن دەدات بۆ نەتانیاهو و 3 سەرکردەی حەماس


دادوەری باڵای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە وتی هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی دەستگیرکردن دەدات بۆ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و سەرکردەی حەماس لە غەززە یەحیا سینوار و دوو بەرپرسی دیکەی حەماس کە پەیوەندییان بە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە هەیە.

دادوەری باڵا کەریم خان لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆفیسەکەی باوەڕی وایە کە نەتانیاهو و گالانت " بەرپرسن " لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەوانەش برسیکردنی هاووڵاتییانی سڤیل وەکو شێوازێکی شەڕ و فەرمانکردن بە هێرشەکان بۆ سەر هاوووڵاتیانی سڤیل بە مەبەست.

خان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئۆفیسەکەم پێی وایە ئەم کارانە لە چوارچێوەی پلانێکی باودا بوون بۆ بەکارهێنانی برسێتیکردن وەکو شێوازێکی جەنگ و کارە توندوتیژییەکانی دیکە دژی دانیشتوانی سڤیلی غەززە وەکو ئامڕازێک بۆ لە ناوبردنی حەماس، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە ئیسڕائیل ڕفاندوونی، هەروەها بۆ سزادانی بە کۆمەڵی دانیشتوانی سڤیلی غەززە، کە وەکو هەڕەشەیەک بۆ ئیسڕائیل سەیر دەکرێن."

جگە لە سینوار، خان وتی فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس محەمەد دیاب ئیبراهیم ئەل مەسڕی و سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییەش بەرپرسن لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

خان وتی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی بەرپرسانی حەماس کراونەتەوە بریتین لە تۆمەتەکانی کوشتن و بردنی بارمتەکان وەکو تاوانێکی جەنگ و دەستدرێژیکردنی سێکسی و توندوتیژییە سێکسییەکانی دیکە و ئەشکەنجەدانیش.

وتیشی " ئەوە بۆچوونی ئۆفیسەکەی منە کە ئەم کەسانە پلانییان داناوە و هانی ئەنجامدانی تاوانەکانییان داوە لە 7 ی مانگی 10 ساڵی 2023 دا، هەروەها کارەکانی خۆشییان، لەوانە سەردانیکردنی بارمتەکان بە ماوەیەکی کورت دوای ڕفاندنییان، بەرپرسیارێتی ئەوان دەسەلمێنێت لەو تاوانانە. ئەم تاوانانە بەبێ کارەکانی ئەوان ئەنجام نەدەدران."

ڕۆژی دووشەممە گالانت وتی ئیسڕائیل پابەندە بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەیەوە لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە، ئەمە لە کاتێکدا کە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤاندا کۆبووەوە.

گالانت لە بەیاننامەیەکدا وتی بە سۆلیڤانی وتووە هەوڵەکان لە ڕەفەح ئامانج لێیان لە ناوبردنی گروپی چەکداریی حەماسە و دڵنیابوونەوەیە لە گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە گیراون.

گالانت وتیشی لەگەڵ سۆلیڤاندا تاوتوێی ڕێگەکانییان کردووە بۆ پتەوکردنی پێگەی ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سۆلیڤان ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبووەوە و تاوتوێی ئۆپەراسیۆنی وردتری ئیسڕائیلییان کردووە دژی چەکدارانی حەماس لە غەززەدا، ئەوەش مەترسییەکانی سەر هاووڵاتییانی سڤیل کەمتر دەکاتەوە.

کۆشکی سپی وتی سۆلیڤان جەختی لە " هەڵوێستی سەرۆک بایدن کردووەتەوە لەسەر ڕەفەح." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ داواکانی بایدن لە ئیسڕائیل تاوەکو خۆی بە دووربگرێت لە هێرشێکی گەورە لە ڕەفەح، ئەوەش لە ترسی کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆیی.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG