Accessibility links

بەرپرسی دەزگای هەواڵگری بەڕیتانیا دەڵێت ڕاوێژکارانی پوتن دەترسن ڕاستییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا بڵێن


بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری بەڕیتانیا GCHQ جێرێمی فلێمینگ
بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری بەڕیتانیا GCHQ جێرێمی فلێمینگ

بەرپرسی دەزگای باڵای هەواڵگری بەڕیتانیا دەڵێت ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەترسن ڕاستییەکانی پێبڵێن سەبارەت بە " شکستهێنانی " ستراتیژی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری بەڕیتانیا GCHQ جێرێمی فلێمینگ لە وتارێکدا لە زانکۆی نیشتیمانی ئوستڕاڵیا لە کانیبێرا وتی پوتن " لێکدانەوەیەکی زۆر هەڵەی " بۆ داگیرکردنەکە کردووە.

لێدوانەکانی فلێمینگ ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییەی ئەمەریکا بوو کە ڕۆژێک پێشتر کۆشکی سپی ئاماژەی پێدا و تیایدا دەڵێت پوتن " لەلایەن ڕاوێژکارەکانییەوە زانیاری هەڵەی پێدەدرێت " سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا سوور بوون لەسەر ئەوەی شکستەکانی ڕووسیا لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا دەربخەن و تیشک بخەنە سەر ئەو دابەشبوونەی کە لە بازنە ناوخۆییە نزیکەکەی پوتندا هەیە.

فلێمینگ وتی پوتن بەرگرییەکانی ئۆکرانیای بە کەم زانیوە، بەهێزیی ئەو هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتییەی بە کەم زانیوە کە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات، کاریگەریی سزا ئابوورییەکانی سەر ڕووسیای بە کەم زانیوە.

وتی پوتن توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەشێوەیەک بینیوە کە دەتوانن زۆر بەخێرایی سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

فلێمینگ وتی " سەربازەکانی ڕووسیامان بینی، کەمییان هەیە لە چەکدا و ئیرادەیان نیە، جێبەجێکردنی فەرمانەکان ڕەت دەکەنەوە، کەلوپەلە سەربازییەکانی خۆیان تێکدەدەن و لەناوییان دەبەن، تەنانەت بە نەزانین تەقە لە فڕۆکەیەکی خۆیان دەکەن و دەیخەنە خوارەوە."

وتیشی " تەنانەت ڕاوێژکارەکانی پوتنیش دەترسن ڕاستییەکەی پێبڵێن، ئەوەی کە ڕوودەدات و ئەوەشی کە تا چەندێک ئەم بە هەڵە لێکدانەوەیە بەردەوام دەبێت، دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێت بۆ ڕژێمی ڕووسیا."

لەم هەفتەیەدا ڕووسیا وتی ئەرکە سەربازییەکانی لە دەوروبەری کیێڤ و چێرنیهیڤ کەم دەکاتەوە، فلێمینگ وتی " پێدەچێت ئەمە دەریبخات کە هێزەکانی ڕووسیا ناچار کراون دووبارە بیر بکەنەوە."

هەروەها هۆشداریشیدا هەڕەشەکانی ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنی لەلایەن ڕووسیاوە هێشتا ماوە.

فلێمینگ وتی هەرچەندە هەندێک کەس سەریان سووڕماوە لەوەی تاوەکو ئێستا ڕووسیا هێرشێکی ئەلیکترۆنی کارەساتاوی ئەنجام نەداوە، ئێمە " هەرگیز پێمان وانەبووە " ئەو جۆرە هێرشە گرنگترین شت بووبێت لە داگیرکارییەکەی ڕووسیادا.

وتی " بەڵام هەواڵگری بەڕیتانیا نیازێکی ڕووسیای دەستنیشان کردووە بۆ لەناوبردنی حکومەتی ئۆکرانیا و سیستمە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە."

وتی " بێگومان هەندێک ئاماژەمان بینیوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەیەوێت لەڕێی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیەوە ئەو وڵاتانە بکاتە ئامانج کە دژایەتی کارەکانی دەکەن."

فلێمینگ ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە گۆڕەپانی جەنگدا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا بەکرێگیراوان و چەکدارە بیانییەکانی بەکارهێناوە وەکو پشتیوانییەک لە هێزەکانی خۆی.

وتیشی یەکێک لەو گروپە بەکرێگیراوانە گروپی واگنەر بووە، کە دوای لەخۆگرتنی نیمچە دورگەی کرایمییەوە لەلایەن ڕووسیاوە، ئەو گروپە لە ڕووسیادا چالاک بوون.

وتی " گروپەکە وەکو لقێکی شاراوەی سوپای ڕووسیا کاردەکات."

سەبارەت بە چینیش، فلێمینگ وتی سەرۆکی چین شی جین پینگ ڕەتی کردۆتەوە سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات، پشتیوانییەکی دیبلۆماتی و ئابووری بۆ ڕووسیا دابین کردووە.

وتی " لەگەڵ ئەوەی کە چاوی لەسەر دووبارە گرتنەوەی تایوان هەیە، چین نایەوێت هیچ شتێک بکات کە ببێتە هۆی دروستکردنی ڕێگرێک لەبەردەم تواناکانی بۆ جوڵەکردن لە داهاتوودا." هەروەها پێشبینی ئەوەشی کرد پەیوەندییەکانی نێوان چین و ڕووسیا تێکدەچن کاتێک دەسەڵاتە ئابووری و سەربازییەکانی چین زیاتر دەبن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG