Accessibility links

گوندەکەی باپـێری کامڵا هێرس لە هیندستان ئاهەنگ دەگێڕن


دانیشتوانی گوندی باوباپیری کامڵا هێرس لە هیندستان، ڕۆژی چوارشەممە ئاهەنگ بۆ ڕۆژی دەستبەکاربوونی هێرس وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەگێڕن لە ڕێگای یارییە ئاگرینیـیەکان و دابەشکردنی شیرنی و خواردن بەسەر خەڵکدا.

تولاسێندراپۆرام Thulasendrapuram ، گوندێکە نزیکەی 320 کیلۆمەترلە باشووری شاری چنایەوە دوورە، ئەو شوێنەیە کە باپیری هێرس لە دایکیـیەوە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لەوێ لە دایک ببوو.

ساڵنامەی تایبەت کە ڕووخساری بایدن و هێرس لەسەرە، لە لایەن کۆمپانیایەکەوە لە تەواوی گوندەکەدا دابەش کراوە.

خاوەن دوکانێک بە ناوی جی مانیکاندان دەڵێت"سیاسەتمەدارێکی ناوچەکە نوێژێکی تایبەتی بەو مەبەستە بەڕێوەبرد و لە بەیانیـیەوە خەڵکی گوندەکە شیرینی دابەش دەکەن و دەمەقاچان دەتەقێنن."

دیمەنەکانی ئەو گوندە پێچەوانەی دۆخەکەیە لە واشنتن کە بەهۆی نیگەرانی ئاسایشی و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخراوە و تەنیا ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەدرێت لە دورەوە ڕووماڵی مەراسیمی سوێندخواردنی جۆو بایدن و کامڵا هێرس بکەن.

خانم هێرس پـێشتر گوتویەتی بیری دێت کاتێک تەمەنی پێنج ساڵ بووە سەردانی گوندی تولاسێندراپۆرامی کردووە و لەگەڵ باپیری لە قەراغ دەریای چنای پـێکەوە پـیاسەیان کردووە.

هێرس جگە لەوەی دایکی هیندی بووە و بۆ خوێندن ڕووی لە ئەمەریکا کردبوو، باوکیشی خەڵکی جامایکایە و ئەویش بۆ خوێندن ڕووی لە ئەمەریکا کردبوو.

لەلایەکی دیکە هونەرمەند ناوداری هیندی سودارسان پەتنایک پەیکەرێکی لە لم بۆ بایدن و هێرس دروستکردووه.

هێریس یەکەم ژنە و یەکەم ئەمەریکی ڕەشپێست و یەکەم ئەمەریکی- ئاسیایی دەبێت کە لەم پـۆستە باڵایەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بێت.


سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG