Accessibility links

هێزەکانی هیندستان 9 چەکداری گومانلێکراو لە کشمیر دەکوژن


پۆلیس وتی هێزەکانی هیندستان لەم هەفتەیەدا 7 چەکداری گومانلێکراوییان لە کشمیر کوشتووە، لەنێویشیاندا فەرماندەیەکی تێدابووە، ئەمەش لە ئەرکێکی سەربازیدا دوابەدوای ئەو کوشتنانەی کە لەلایەن چەکدارەکانەوە ئەنجامدراون.

هێزەکانی ئاسایشیش وتیان دوو کەسی دیکەیان کوشتووە کە گومانی ئەوەیان لێکراوە یارمەتی چەکدارەکانیان دابێت، بەڵام کەسوکاری دوو کوژراوەکە دەڵێن بێتاوان بوون و خۆپیشاندانێکیان لەڕێی داگیرساندنی مۆمەوە لە شاری سەرەکی کشمیر، سریناگار ئەنجامدا.

سەرۆکی پۆلیسی کشمیر ڤیجای کومار وتی پێنج چەکدارییان سەر بە گروپێکن بە ناوی بەرەی بەرهەڵستی، کە بەرپرسیارێتی کوشتنەکانی ئەمدواییانەی کۆچبەرانیان لە شارەکەدا ڕاگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممە لە شەڕێکدا لە باشووری سریناگار کوژراون.

وتیشی دوو چەکداری گومانلێکراوی دیکە و دوو کەسی دیکە کە باوەڕوایە یارمەتیان دابن، لە شەڕە تەقەیەکدا لە سریناگار کوژراون.

خێزانی ئەو دوو کەسەی کوژراون ڕەتی دەکەنەوە پەیوەندییان بە چەکدارەکانەوە هەبووبێت و دەڵێن هێشتا لاشەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە تاوەکو بتوانن بیاننێژن. پۆلیس دەڵێت لاشەی هەر چوار کەسەکەیان لە باکووری سریناگار ناشتووە.

لەم هەفتانەی دواییدا لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە و تەنها ناوچەی هیندستانە کە زۆرینەیان موسوڵمانن، زیاتر لە 30 کەس کوژراون و توندوتیژییەکان زیادییانکردووە، لەنێو کوژراوەکاندا کەمینەکانی وەکو هیندۆسەکان و سیکەکان و کرێکارە کۆچبەرەکانی تێدایە.

بەشەکەی دیکەی کشمیر لەژێر دەسەڵاتی پاکستاندایە و ماوەی حەفتا ساڵە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان پاکستان و هیندستانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG