کۆترێک کە گومانی سیخوڕیکردنی بۆ حکومەتی چین لێدەکرا، دوای هەشت مانگ دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی هیندستانەوە ئازادکرا.
کۆترەکە کە باڵەکانی تۆخ و ملێکی وەنەوشەیی هەیە، چەند مانگێک پیش ئێستا لە کاتێکدا دوو ئەڵقە بە قاچەکانیەوە بووە، گیراوە و لەو ئەڵقانەدا پەیامێک هەبوو کە بە گوێرەی میدیاکانی هیندستان هاوشێوەی ڕێنووسی چینی بووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پۆلیسی هیندستان دەستی بەسەردا گرتووە بەو گومانەی کە ئەم کۆترە بۆ کاری سیخوڕی بەکارهاتووە.
لە کۆتاییدا دەرکەوت کە کۆترەکە باڵندەیەکی کێبڕکێی بووە کە لە تایوان هەڵاتووە و خۆی گەیاندووەتە هیندستان. کۆترەکە بە مۆڵەتی پۆلیس گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی بۆمبای بۆ ڕێگریکردن لە کاری دڕندانە دژی ئاژەڵان، پزیشکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەش ڕۆژی سێشەممە کۆترەکەیان ئازاد کرد.
جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جار نیە باڵندەیەک ببێتە جێی گومانی پۆلیس لە هیندستان.
لە ساڵی 2020 دا پۆلیسی هیندستان لە بەشی کاشمیری هیندستان کۆترێکییان ئازاد کرد کە ڕاوچییەکی ماسی پاکستانی خاوەنی بوو، ئەوەش دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کۆترەکە کە بەسەر سنووری نێوان پاکستان و هیندستاندا فڕیوە سیخوڕ نەبووە.
لە ساڵی 2016 دا کۆترێکی دیکە دەستی بەسەرداگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی تێبینییەکی پێبوو کە تێیدا هەڕەشە لە سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی کرابوو.
سەرچاوە/ AP