Accessibility links

ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان لە 20 ملیۆن نزیک دەبێتەوە


کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان لە 20 ملیۆن نزیک بۆوە، ئەمە لەکاتێکدایە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە سەرەڕای یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان هێشتا پڕن لە توشبووان.

بەپێی دوایین داتاکان کە وەزارەتی تەندروستی هیندستان بڵاویکردۆتەوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 370 هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون و زیاتر لە 3400 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە.

بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 19,9 ملیۆن کەس، هەروەها حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش بەرزبۆوە بۆ 219 هەزار حاڵەت.

سەرەڕای ئەوەی ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدان لە هیندستان زۆرە، بەڵام بەپێی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە هێشتا کەمترە لە کۆی حاڵەتەکانی توشبوون لە بەڕازیل و ئەمەریکا.

لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا لە زیاتر لە 40 وڵاتەوە یارمەتیەکان بەردەوام گەیشتوونەتە هیندستان، لەو وڵاتانەش فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممەش فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لە قەتەڕەوە بەرەو هیندستان بەڕێکەوت.

یارمەتیەکان زیاتر ئۆکسجین و ئامێری هەناسەدان لەخۆدەگرن.

نوێنەری ئەڵمانیا لە هیندستان ڤاڵتەرگ لیندنەر وتی " خەڵکەکە لە نەخۆشخانەکان دەمرن، چونکە ئۆکسجینیان نەماوە، هەندێک کات لەناو ئوتومبێلەکانیاندا دەمرن."

لەلای خۆیەوە بەڕیتانیا بەڵێنیداوە هەزار ئامێری هەناسەدانی دیکە ڕەوانەی هیندستان بکات کە کۆی دانیشتوانەکەی 1,3 ملیار کەسن.

هندستان بواری رەخساندووە بۆ پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرجەم پێگەیشتووانی وڵاتەکە، کە دەکاتە نزیکەی 600 ملیۆن کەس، بەڵام کۆمەڵێک ویلایەت لەوانەش ماهاراشترا و نیودەلهی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەدەست کەمی ڤاکسینەوە دەناڵێنن.

لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان، بەرپرسانی هیندستان داخستنی نیودەلهیان بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژکردەوە کە 20 ملیۆن کەسی تیادا دەژی ، وابڕیاریش بوو ڕۆژی دووشەممە ماوەی داخستنی شارەکە کۆتای بێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG