Accessibility links

بەهۆی لافاوەوە لە هیندستان زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا


بەرپرسانی هیندستان دەڵێن بەهۆی بارینی بارانێکی زۆرەوە لە باشووری ویلایەتی کیرالای هیندستان لافاو کەوتۆتەوە و لە ئەنجامدا لانی کەم 22 کەس گیانیان لەدەستداوە.

باران بارین لە ویلایەتەکە بووە هۆی کەوتنەوەی لافاو و هەرەسهێنانی زەوییەکە لە کۆمەڵێک ناوچەدا، هاوکات داوا لە هێزی دەریایی و سوپای هیندستان کرا دانیشتوانی ناوچەکان ڕزگار بکەن.

بەرپرسان و شایەتحاڵان ئاماژەیان بەوەدا 13 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەکەوە بووە لە گوندی کوتکال.

دانیشتوویەکی ناوچەکە بە دەزگای هەواڵی ئەی ئێن ئای وت " دوێنێ چوار ڕووداوی هەرەسهێنانی زەوی هەبووە."

بەرپرسی حکومەت لە ناوچەی کوتایام پی کەی جایاسری لەو شوێنەی کە هەرەسهێنانی زەوییەکانی تیادا ڕوویداوە وتی نزیکەی نیوەی قوربانیەکان سەر بە یەک خێزان بوون.

وتی " لە یەک خێزاندا شەش کەسیان گیانی لەدەستداوە."

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2018 دا بەهۆی لافاوێکەوە لە کیرالا لانی کەم 400 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200,000 کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG