Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی هیندستان لە مانگی چواردا بەڕێوەدەچن


بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانی هیندستان ڕۆژی شەممە 16ی مانگی سێ ڕایانگەیاند کە هیندستان پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 19ی مانگی چوارەوە دەستپێدەکات و لەم هەڵبژاردنەدا کە بە گەورەترین هەڵبژاردنی جیهان ناودەبرێت، زیاتر لە یەک ملیار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هەڵبژاردنەکە سەرۆکوەزیرانی هیندستان نارێندرا مۆدی ڕووبەڕووی هاوپەیمانییەک دەکاتەوە کە لە 10 پارتی ئۆپۆزسیۆن پێکهاتوون، ئامارەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە پارتەکەی مۆدی پارتی نەتەوەپەرستی هیندوی بهاراتیا جەناتا بە ئاسانی سەردەکەوێت.

سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا مۆدی تەمەن 73 ساڵ بۆ سێیەمین جار دەکاتەوە بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان.

بەرپرسی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هیندستان ڕاجیڤ کومار بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە ساتێکی بە نرخدا قسەتان بۆ دەکەین، لە کاتێکدا کە ئێمە وەکو وڵاتێک بە نیازین جەخت لە بەڵێنەکانمان بکەینەوە بۆ هەڵبژاردنی دیموکراسی، لە کاتێکدا کە هیندییەکان پێکەوە جارێکی دیکە خواستی خۆیان دەردەبڕنەوە."

وتی دوایین قۆناغ لە حەوت قۆناغەکەی هەڵبژاردنەکاندا لە 1 ی مانگی شەشدا بەڕێوەدەچێت و لە 4 ی مانگی شەشدا دەنگەکان دەژمێردرێن.

مۆدی وتی " گەورەترین فیستیڤاڵی دیموکراسی " دەستیپێکردووە. وتی " متمانەی تەواوم هەیە کە خۆشەویستی " زیاتر لە 960 ملیۆن دەنگدەر بۆ سێیەمین جار لەسەریەک بە دەست دەهێنین.

مۆدی و پارتەکەی چەند مانگێکە کەمپینی هەڵبژاردنەکانییان دەستپێکردووە. مۆدی ڕۆژانە بە سەرانسەری وڵاتەکە دەگەڕێت و پڕۆژەی نوێ دەکاتەوە و بەشداری لە بۆنە ئایینییەکاندا دەکات و قسە بۆ خەڵکەکە دەکات و کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدات.

مۆدی لە وتارەکانیدا باسی لە گەشەی ئابووری هیندستان کردووە، لە کاتێکدا کە هیندستان لە ئێستادا بووەتە خێراترین گەشەی ئابووری لە جیهاندا، هەروەها باسی لە پڕۆگرامەکانی وەبەرهێنان کردووە لە ژێرخانەکاندا، لە هەمان کاتیشدا باسی لە پڕۆگرامەکانی خۆشگوزەرانی کردووە بۆ هەژاران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG