Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی هیندستان کۆتایی دێت و ڕاپرسییەکانی کۆتاییش ئاماژە بە سەرکەوتنی نەرێندرا مۆدی دەدەن


هەڵبژاردنەکانی هیندستان کۆتایی هاتن و ڕاپرسییەکانی کۆتاییش ئاماژە بەوە دەدەن کە پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی هیندستان نەرێندرا مۆدی " بەهاراتیا جاناتا " و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمان بە دەست دەهێنن.

هەڵبژاردنە زەبەلاحەکانی هیندستان لە ماوەی شەش هەفتەدا بە حەوت قۆناغ بەڕێوەچوون، ڕۆژی شەممە دەنگدەران لە حەوتەمین قۆناغی هەڵبژاردنەکاندا دەنگی خۆیان بۆ 57 بازنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا.

ئێستا هەمووان چاوەڕێی ڕۆژی سێشەممە دەکەن، کاتێک دەنگەکان بۆ سەرجەم 543 کورسییە هەڵبژێردراوەکەی پەرلەمان دەژمێردرێن، لەبەرئەوەی کە هیندستان ئامێری دەنگدان بەکاردەهێنێت، پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکان لە هەمان ڕۆژدا ڕابگەیەندرێن.

ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ ناوبانگی مۆدی تەمەن 73 ساڵ کە وێنەکەی وەکو سەرکردەیەکی بەهێز و پاڵەوانی ناسیۆنالیزمی هیندو، بەهۆی گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی خۆشگوزەرانییەوە بۆ دەیان ملیۆن خەڵکی هەژار لە ماوەی 10 ساڵی دەسەڵاتیدا زیاتر بووە.

نەرێندرا مۆدی لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەگەڕا و زیاتر لە 200 گردبوونەوەی ئەنجامدا.

پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکان دەستپێبکەن، پارتی بەهاراتیا جاناتای مۆدی پێشبینی دەکرد سەرکەوتنێکی ئاسان بە دەست بهێنێت. پارتەکە ئامانجی ئەوە بوو زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەستبهێنێت، ئامانجەکەی بە دەستهێنانی 400 کورسی بوو لە پەرلەماندا.

بەپێی ڕاپرسییەکانی کۆتایی کە لەلایەن چەندین کەناڵی تەلەفیزیۆنییەوە بڵاوکراونەتەوە، پارتی بەهاراتیا جاناتا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ڕەنگە 350 کورسی یاخود زیاتر بە دەست بهێنن، زۆر زیاتر لەو 272 کورسییەی کە پێویستە بۆ ئەوەی پارتێک ببێتە زۆرینە لە پەرلەماندا. ئەوە دەکرێت بۆ سێیەمین جار مۆدی بکاتەوە بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، ئەوەش لە هیندستاندا شتێکی دەگمەنە.

شرۆڤەکاری سیاسیی ڕەشید کیدوای دەڵێت " ئەوە تاقیکردنەوەیەکی لیتموسە بۆ بەڕێز مۆدی. کاتێک هەڵبژاردنەکان دەستییان پێکرد، وادەردەکەوت کە ئەمە کێبڕکێیەکە تەنها یەک ئەسپ بەشدارە تێیدا. زۆر بە نەدۆڕاو دەردەکەوت، گرەوێکی زۆر گەورەی کرد."

زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێشبینی ئەوەیان دەکرد هاوپەیمانییەکەی ئۆپۆزسیۆن کە لە زیاتر لە دوو دەرزەن پارت پێکهاتوون و ڕووبەڕووی مۆدی بوونەتەوە، بتوانن زۆرینەکەی پارتەکەی مۆدی لە پەرلەمان تێکبدەن، بەڵام ڕاپرسییەکانی کۆتایی پێشبینی ئەوە دەکەن کە ناتوانێت ئەو کارە بکات و دەریخست کە هاوپەیمانییەکەی ئۆپۆزسیۆن لە دواوەیە و نزیکەی 150 کورسی بە دەست هێناوە. بەڵام لە وڵاتێکی بەرفراوان و هەمەچەشندا، ڕاپرسییەکانی کۆتایی هەموو کات پشتییان پێنەبەستراوە.

کیدوای وتی " دوایین ژمارەکان بەند دەبن بەوەوە کە ئایا پارتی بەهاراتیا جاناتا دەتوانێت لە ویلایەتە قەرەباڵغەکانی باکووردا سەرکەوتوو بێت کە پێشتر لەو ویلایەتانەدا سەرکەوتنی گەورەی بە دەستهێناوە."

دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە هەڵبژاردنەکان کۆتاییان هات، مۆدی سوپاسی دەنگدەرانی کرد و متمانەی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە " خەڵکی هیندستان بە ژمارەیەکی پێوانەییەوە بەشداری دەنگدانەکانییان کردووە " بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی حکومەتەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG