Accessibility links

شارەزایەکی یاسایی: گەواهیدانی باڵیۆز سەندلاند ڕەنگە وەها لە کۆماریـیەکان بکات داوا لە سەرۆک ترامپ بکەن لە پـۆستەکەی بکشێتەوە


دادوەرێکی پێشووی ئەمەریکایی ئاماژەی بەوە کرد کە شیانی هەیە گەواهیدانی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرێس، وەها لە کۆماریـیەکان بکات بچن بۆ کۆشکی سپی و داوا لە دانۆڵد ترامپ بکەن دەستبەرداری پـۆستەکەی ببێت.

کێن ستار کە کەسێکی کۆماریـیە و وەک شارەزایـیەکی یاسایی بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی نزیک لە کۆماریـیەکان کاردەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی بۆ کەناڵەکە ڕاگەیاند پاش ئەوەی گۆردن سەندلاند لە گەواهیدانەکەی لە بەردەم کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران گوتی لەم مانگانەی دوایی مەرج هەبووە کە ئۆکرانیا ئەو یارمەتیـیە لەشکریـیەی دەیەوێت وەریناگرێت هەتا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە ناکات لەسەر کوڕی جۆو بایدنی جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا، بەمەش شیانی هەیە دانۆڵد ترامپ تاوانباربکرێت بەوەی دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆک بەکارهێناوە لە پـێناو بەرژەوەندی خۆی، بەو پـێـیەی جۆو بایدن کاندیدێکی سەرەکی دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020.

باڵیۆز گۆردن سەندلاند لایەنگرێکی گەورەی دانۆڵد ترامپە و یەک ملیۆن دۆلاری پـێشکەش کردبوو بۆ مەراسیمی سوێندخواردنەکەی وەک سەرۆکی ئەمەریکا.

دانۆڵد ترامپ لای خۆیەوە جەختی کردەوە کە هیچی بۆ بەرژەوەندی خۆی نەکردووە و ڤیدیۆی قسەیەکی باڵیۆز گۆردن سەندلاندی بڵاوکردەوە کە لە میانەی گەواهیدانەکەی ئەمڕۆدا گوتی سەرۆک ترامپ گوتویەتی هیچی لە ئۆکرانیا ناوێت.

XS
SM
MD
LG