Accessibility links

دادوەرێکی فیدراڵی ئەمەریکا بڕیارێکی سەرۆک ترامپ ڕادەگرێت


دادوەرێکی فیدراڵی ئەمەریکا بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی ڕاگرت لەبارەی ئەو گەنجانەی لە تەمەنی منداڵیدا بە شێوەیەکی نایاسایی هێنراونەتە ئەمەریکاوە.

ولیەم ئالسوپ دادوەری فیدراڵی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا شەوی سێشەممە لە بڕیارێکیدا فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ کرد دەستبکەنەوە بە کارکردن بە بەرنامەی ناسراو بە داکا DACA ، ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەو گەنجانەیە. داواشی کرد بەو شێوەیە کاری پـێبکرێتەوە هەر وەک چۆن بەر لە 5 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو کاری پـێدەکرا.

بڕیاری ئەم دادوەرە پاش چەند کاژمێرێک بوو لەوەی سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات کۆبووەوە و تیایدا داوای لێکردن بە ڕێگەچارەیەک هاوبەش بگەن لە بارەی ئەو هەزاران کەسەی لە تەمەنی منداڵیدا بە نایاسایی هێنراونەتە ئەمەریکاوە.

سەرۆک ترامپ بە یاسادانەرانی گوت ئەگەر ئەوان بە ڕێکەوتنێک بگەن، ئەوا ئەو پەسەندی دەکات، بەڵام جەختی کردووە لەسەر پـرسی دروستکردنی دیوارەکەی سەرسنووری مەکسیک، ئەوەی لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڵێنی دا دروستبکرێت بۆ ڕێگەگرتن لەوانەی لە سنووری ئەو وڵاتەوە بە قاچاغی دێنە ناو ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ ڕووی دەمی کردە یاسادانەران کە پـێکهاتبوون لە 25 ئەندامی هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەران، گوتی " بەبێ ئەو دیوارە ئاسایش بەرقەرار نابێت."

جێی ئاماژەیە بەرنامەی داکا (DACA) لە ساڵی 2012 لەلایەن براک ئۆباما سەرۆکی پـێشوو بڕیاری لەسەر دراوە، ڕێگە بەو کەسانە دەدات ئەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی بە منداڵی هێنراون بۆ ئەمەریکا لەوەی درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و مۆڵەتی کارکردنیان پـێبدرێت. بەڵام لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی کارکردن بەو بەرنامەیە و ماوەی 6 مانگی دا بە کۆنگرێس تاوەکو بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەم پـرسە بگەن.

XS
SM
MD
LG