Accessibility links

کچێکی سۆماڵی موسڵمان دەبێتە کاندیدی دیموکراتەکان لە ویلایەتی مینیسۆتا


کچێکی سۆماڵی موسڵمان بووە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەیەکی ویلایەتی مینیسۆتا.

ئیلهان عومەر زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی دیموکراتەکان کە دوێنێ سێشەممە لە بازنەی پـێنجی ویلایەتی مینیسۆتا بەڕێوەچوو. ئیلهان کە لە نێو شەش کاندیدی دیکە بوو، توانی بە تەنیا خۆی 48%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدا تەنیا کەمتر لە 17% ی دانیشتوانی ئەو بازنەیە ڕەش پـێستن.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرایـیەکان، ئیلهان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە دەنگیان پـێدابوو و کۆمەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیان کردبوو.

گوتیشی" دوو ساڵ لەمەوبەر زۆرێک لە ئێمە لێرە کۆبووینەوە بۆ تۆمارکردنی ساتێکی مێژووی، ئەویش هەڵبژاردنم بوو بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی مینیسۆتا. ئەمڕۆش زیاتر لەو کاتە پـڕ جۆش و خرۆشم کە کۆبووینتەوە بۆ تۆمارکردنی ساتێکی دیکەی مێژوویی، چونکە وا بەرەو واشنتن دڕۆین."

بەم ئەنجامە ئیلهان عومەر لە هەڵبژاردنە گشتیـیەکەی مانگی یازدە دەبێتە ڕکابەری جێنێفەر زلنسکی براوەی کۆماریـیەکان لەو بازنەیە.

جێی ئاماژەیە ئیلهانی تەمەن 36 ساڵ لە دایکبووی مەکادیشۆی پایتەختی سۆماڵە و تەمەنی منداڵی لە کەمپـێکی ئاوارەکان لە کینیا بەسەربردبوو، پاشان لە ساڵی 1995 بە خێزانەوە کۆچیان بۆ ئەمەریکا کرد، سەرەتا لە ویلایەتی ڤێرجینیا نیشتەجێبوون، دواتر ڕوویان لە ویلایەتی مینیسۆتا کرد. ساڵی 2011لە زانکۆی نۆرث داکۆتا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسیـیەکان وەرگرت. ساڵی 2016 بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینیسۆتا، بەمەش یەکەم کچە موسڵمان بوو بچێتە ناو ئەنجومەنی ویلایەتێکی ئەمەریکاوە.

XS
SM
MD
LG