Accessibility links

سوریا ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە ئەگەر سنووری تورکیا دابخرێت


خاڵی سنووریی باب ئەل هەوا
خاڵی سنووریی باب ئەل هەوا

دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشیارییاندا لەسەر ئەوەی ئەگەر خاڵی سنووریی نێوان تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سوریا دابخرێت ئەوا سوریا ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات ڕێکخراوە مرۆییەکان نەتوانن یارمەتییە پێویستەکان بە ملیۆنان ئاوارەی سوری بگەیەنن.

لە دوو هەفتەی داهاتوودا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات خاڵی سنووریی باب ئەل هەوا لەسەر سنووری تورکیا بە کراوەیی بمێنێتەوە یاخود نا، ئەو خاڵە سنوورییە کۆتا خاڵی سنوورییە بە کراوەیی مابێتەوە و یارمەتیە مرۆییەکانی پیادا دەگوازرێنەوە بۆ ناو سوریا.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت نوێکردنەوەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگەپێدان بە بەردەوامبوونی ئەرکەکانی سەر سنوور لە تورکیاوە بۆ ناو باکووری ڕۆژئاوای سوریا گرنگە.

وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی تۆماس فیری وتی " نزیکەی 2.4 ملیۆن کەس بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەتەواوەتی پشتیان بەستووە بەو یارمەتییانەوە کە بەو خاڵە سنوورییەدا تێدەپەڕێت، بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئێستادا یارمەتی پێشکەشی نزیکەی 1.35 ملیۆن هاوڵاتی سوریایی دەکات کە لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەژین، ئەوەش لەڕێی بەشە خۆراکی مانگانەوە، ئەو بەشەش لە سەدا 80 ی بەو خاڵە سنوورییەدا تێدەپەڕێت."

فیری وتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئێستادا بەردەوامە لە گەیاندنی بەشە خۆراکی مانگی حەوت و هەشت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بڕیارەکە لە 10 ی مانگی حەوتدا نوێ نەکرێتەوە.

ڕوسیا ئاماژەی بەوەداوە پێدەچێت ڕێگە بە نوێکردنەوەی بڕیارەکە نەدات. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ وتی ڕۆڵی تورکیا پێویست نەبووە، هەروەها یارمەتییە مرۆییەکان دەکرێت لەڕێی ڕێگەی دیکەوە لە ناوخۆی سوریادا بگەیەندرێن.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی هیچ ڕێگەیەکی دیکەی باش لە تورکیاوە نیە بۆ گەیاندنی یارمەتیەکان.

وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کریستیان لیندمایەر دەڵێت ڕەوشی خەڵکەکە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە ئێستا زۆر خراپترە لە 10 مانگ لەمەوبەر، کە ئەو کاتە دوایین جار بوو بابەتی بڕیاری نوێکردنەوەی ڕێگەپێدان بە تێپەڕبوونی یارمەتیە مرۆییەکان لە تورکیاوە بۆ سوریا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە تاوتوێکرا. هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی ڕێگە نەدان بە گەیشتنی یارمەتییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشیەکان و مردن.

وتی " ئەگەر بڕیارەکە نوێ نەکرێتەوە، ئەوا ناتوانرێت بەشێوەیەکی چالاک و پێشبینیکراو هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خەڵکەکە و هەڵمەتەکانی دیکەی کوتانی منداڵان ئەنجام بدرێن، هەروەها چالاکییە تەندروستیەکانی دیکەش ناتوانرێت بە باشی بەڕێوەببردرێن، لەوانەش پێدانی یارمەتی تەندروستی بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG