Accessibility links

زریانی لۆرا بە توندی لە ویلایەتی لویزیانا دەدات


زریانی لۆرا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کاتی خۆجێی گەیشتە سەر ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوای ویلایەتی لویزیانا، شارەزایانی کەشناسی هوشداریـیان داوە لەوەی شیانی هەیە پاڵ بنێت بە شەپـۆلێکی گەورەی ئاوەوە لە دەریاوە بەرەو وشکانی بۆ هەتا 65 کیلۆمەتر.

دەزگای چاودێری نیشتمانی (NHC) بۆ زریان دەڵێت ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین زریان لە لویزیانا بدات. دەشڵێت ئەو شەپـۆلە ئاوەی دروستیدەکات ڕەنگە لە خانویەکی دوو نهۆمی بەرزتربێت و هیچ شتێک لە بەردەمی خۆی نەگرێت.

دەزگاکە ڕایگەیاند لە نزیک کاتژمێر 1 ی دوای نیوە شەو زریانەکە بە هێزی پلە 4 گەیشتووەتە سەر وشکانیـیەکانی لویزیانا و بایەکی بەهێزی بەسەر شارۆچکەی کامیرۆن دروستکردووە بە خێرایی 240 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. بەڵام لە دوروبەری 4 ی بەیانی خاوبووەتەوە بۆ پـلە 3 لەو کاتەی چەقی زریانەکە لە دوری نزیکەی 50 کیلۆمەتر بووە لە باکوری ڕۆژئاوای شاری لەیک چارلز.

جێی ئاماژەیە پـێوانەی سەفیر- سمسن بەکاردەهێنرێت بۆ ئاماژەکردن بۆ هێزی زریان. پـێوانەکە لە 5 پـلە پـێکهاتووە، ئەو زریانانەی بای لێبکەوێتەوە بە خێرایی نێوان 119 – 153 کیلۆمەتر بە پـلە یەک دادەنرێن، ئەوانەشی خێراکانیان 252 کیلۆمەتر و زیاتربێت بە پـلە 5 دادەنرێن.

زریانەکە جگە لەوەی ژیانی خەڵکی خستووەتە بەر مەترسیـیەوە، مەترسیشی بۆ سەر کەرتی نەوتی ئەمەریکا لە ناوچەکە دروستکردووە. بۆیە کارەکان لە سەکۆکانی دەرهێنانی نەوت و پاڵەوگەکانی سووتەمەنی ناوچەکە ڕاگیران.


کاربەدەستان فەرمانیان بۆ نزیکەی 620 هەزار لە دانیشتوانی هەردوو ویلایەتی لویزیانا و تەکساس دەرکردووە بە پەلە ناوچەکانیان چۆڵبکەن، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ماڵەکانیان ماونەتەوە.

کاربەدەستانی دەزگای چاودێری زریان هوشداریـیان داوە لەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوو زریانەکە زیاتر بەرەو ناو ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوای لویزیانا دێت، بۆیە پـێویستە بە پەلە خەڵکی ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر.
کاربەدەستێکی ناوچەی ڤلملیەن پارش لەسەر فەیسبوکەکەی هوشداریـیەکی توندی بۆ ئەو کەسانە نووسیوە کە دەمێننەوە. دەڵێت "ئەوانەی دەمێننەوە دەبێت ئەوە باش بزانن ئەگەر شتێکیان بەسەر بێت ئەوا ناتوانین بە هانایانەوە بڕۆین هەتا زریانەکە تێپەڕنەبێت، بۆیە ئەگەر هەر دەمێنیتەوە تکایە لەسەر کاغەزێک ناوی خۆت و ناونیشانت و خزم و کەسوکارت بنووسە و بیخەرە ناو زەرفێکی نایلۆن و لە گیرفانت بێت."

بەڵام هەندێک ناوچە هەیە زۆربەی دانیشتوانەکەی چۆڵیان کردووە، لەوانە شاری پـۆرت ئەرسەر کە ژمارەی دانیشتوانی 54 هەزار کەسە و ژمارەیەکی زۆر پاڵەوگەی نەوتی لێـیە وەها چۆڵ بووە تەنیا دوو بەنزیخانەی بە کراوەیی ماونەتەوە.

کەشناسان پـێشبینی دەکەن زریانی لۆرا ئەمڕۆ چەند گەردەلوولێک (تۆرنادۆ) دروستبکات لە لویزیانا و باشوری ڕۆژهەڵاتی تەکساس و باشوری ڕۆژئاوای میسیسیپی و هەروەها لافاوی گەورەی لێبکەوێتەوە هەر لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی تەکساسەوە هەتا دەگاتە ویلایەتی ئارکنساس لە باکوری لویزیانا.

XS
SM
MD
LG