Accessibility links

زریانێـکی دیکەی بەهێز بەرەو ویلایەتەکانی باشوری ئەمەریکا بەڕێوەیە

  • VOA News

زریانێـکی دیکەی بەهێز وا لە دورگەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەدات و چاوەڕوان‌دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگاتە کەنارەکانی ویلایەتی فلۆریدا.

سەنتەری نیشتمانی بۆ چاودێری زریانەکان کە بنکەکەی لە شاری میامی فلۆریدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند زریانی ئیرما کە لە ناوچەی کاریبی دەدات زۆر بە هێزبووە و گەیشتووەتە ئاستی پلە پـێنج کە خێرایی بایەکەی دەگاتە 280 کیلۆمەتر لە کاژمێرێـکدا.

ڕیکاردۆ ڕۆسیلۆ فەرمانڕەوای پۆرتۆ ریکۆ گوتی پەیوەندی بە جۆن کێلی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سـپی کردووە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە دورگەکەیان.

دەسەڵاتدارانی دورگەکە کۆمەڵێـک ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر، لەوانە پشـکنەران بۆ بازاڕەکانی وڵاتەکە ڕەوانەدەکەن تاوەکو دڵنیا ببن لەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکاندا بەرزناکرێنەوە. هەروەها بڕیار دراوە لە کاژمێر 6 ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە هەتا ماوەی 24 کاژمێر فرۆشتنی مەی قەدەغەبکرێت.

لە دورگەکانی ڤێرجنی ئەمەریکاش کاربەدەستان لەوەدان باری نائاسایی ڕابگەیەنن. هەروەها لە ویلایەتی فلۆریداش باری نائاسایی ڕادەگەیەنرێت.

لە لایەکی دیکە هێڵی ئاسمانی ئەمەریکەن ئێرلاینز بڕیاری داوە ژمارەی گەشتەکانی بۆ دورگەکانی کاریبی زیاتر بکات بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو گەشتیارانەی ڕوویان لەو دورگانە کردووە و لە ئێستادا دەیانەوێت ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن.

XS
SM
MD
LG