Accessibility links

زریانی فلۆرنس گەیشتە ویلایەتی نۆرث کارۆلینا


زریان و گەردەلولی ناسراو بە هوریکەین فلۆرنس بەیانی ئەمڕۆ هەینی گەیشتە کەنارەکانی ویلایەتی نۆرث کارۆلینا و بە خێرایـیەکی خاو و گەردەلولێکی بەهێز بەسەر ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەو ویلایەتە تێپەڕ دەبێت.

دەزگای نیشتمانی ئەمەریکا بۆ چاودێری زریان و گەردەلول (هوریکەین) ڕایگەیاند زریانی فلۆرنس کە بە خێرایی 9 کیلۆمەتر لە یەک کاژمێردا دەڕوات، گەیشتووەتە سەر شارۆچکەی ڕایتسڤیڵ و لە ئێستادا خێرایی گەردەلولەکەی 136 کیلۆمەتر لە کاژمێرێکدایە.

کاربەدەستان دەڵێن هەر لە ئێستاوە فلۆرنس زیانی بەو ناوچانە گەیاندووە و زیاتر لە 320 هەزار کەس کارەبایان لێبڕاوە. هاوکات هەر لە ناوچەی کراڤێنی شاری نیوبێرن لە 150 شوێنەوە تەلەفۆن بۆ دەزگای بەهاناچوون کراوە و خەڵکی داویانکردووە ڕزگاریان بکەن چونکە ئاو چۆتە ماڵەکانیانەوە.

پـێشتر ڕۆی کوپەر فەرمانڕەوای ویلایەتی نۆرث کارۆلینا داوای لە هاوڵاتیانی ویلایەتەکەی کرد گوێڕایەڵی دەزگا بەرپـرسەکان بن و ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن کە پـێشبینی دەکرێت زریانەکە زیانی گەورەیان پـێبگەیەنێت. گوتیشی ئەم زریانە ماڵوێرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

دەزگا بەرپـرسەکان زیاتر لە 1.7 ملیۆن کەسیان لە هەردوو ویلایەتی نۆرث کارۆلینا و ڤێرجینیا ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دەبێت ناوچەکانیان چۆڵبکەن.

کەشناسان پـێشبینی دەکەن لە هەندێک ناوچەی نۆرث کارۆلینا نزیکەی یەک مەتر باران ببارێت و شەپـۆلی ئاو بە بەرزایی 4 مەتر دروستببێت.

XS
SM
MD
LG