Accessibility links

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا پشتیوانی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات


EUROPE-MIGRANTS/BELARUS-POLAND-BRITAIN
EUROPE-MIGRANTS/BELARUS-POLAND-BRITAIN

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس وتی گرنگە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کەمبکرێنەوە چونکە هەڵگیرسانی جەنگ دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی نرخەکانی سوتەمەنی و شەپۆلی کۆچبەران.

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا پشتیوانی خۆشی دەربڕی بۆ سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان بۆ ڕووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا. واڵاس وتی " پێویستە گرژییەکان کەم بکەینەوە و لە پاڵ مافی سەروەریی ئۆکرانیادا بوەستین."

واڵاس لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری هەنگاریا تیبۆر بێنکۆدا وتی " گرنگە ئاماژەیەک بدرێت بە پوتن لەسەر ئەوەی ئەو شتەی ئەو لێی دەترسێت، کە ئەوەش نزیکبوونەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆیە لە سنوورەکانی ڕووسیا، دەرەنجامی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێت. لەبەر ئەوەیە بەڕیتانیا هێزی زیاتری پێشکەشی هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە، وەکو ئامادەکارییەکی زیاتر بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ڕووسیادا."

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری هەنگاریا تیبۆر بێنکۆ لە هەمان کۆنفرانسدا وتی لە ئێستادا پێویست ناکات هێزی بیانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەوانەی هەنگاریا بکرێت. جێی ئاماژەیە هەنگاریا ئەندامێکە لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و سنووری بە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوەیە.

بێنکۆ وتی حکومەتی هەنگاری دژی ڕەوانەکردنی هێز نیە لەلایەن ناتۆوە بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵام هەنگاریا " لەتوانایدا هەیە ئەو کارە بە تەنها خۆی لەسەر خاکی خۆی ئەنجامی بدات."

وتی " ئەگەر هەر وڵاتێک نەتوانێت خۆی بە تەنها ئەو کارە بکات، ئەوا مافی خۆیەتی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ وەربگرێت."

جێی ئاماژەیە حکومەتەکەی هەنگاریا پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ ڕووسیادا، ئەمەش سەرەڕای گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و ناتۆ لەسەر ئۆکرانیا.

ڕۆژی هەینی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان وتی لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پوتن هەوڵ دەدات داوای ڕەوانەکردنی گازی زیاتر بکات لە ڕووسیاوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی هەنگاریا گرێبەستێکی ماوە درێژی لەگەڵ کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیدا واژۆ کرد بۆ دابینکردنی گازی سروشتی ڕووسی بۆ هەنگاریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG