ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند پاسەوانی سنوورەکانی عەرەبستانی سعودیە سەدان کۆچبەری ئیسیوپیاییان کوشتووە بە منداڵ و ژنیشەوە، کە هەوڵییانداوە لە ڕێگەی سنوورە شاخاوییەکەی سعودیە لەگەڵ یەمەندا بچنە شانشینەکەوە.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکی 73 لاپەڕەییدا وتی پاسەوانەکانی سعودیە چەکی تەقینەوەیان بەکارهێناوە بۆ کوشتنی هەندێک لە کۆچبەرەکان و ئەوانی دیکەی لە نزیکەوە بە تەقە کوشتووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گەواهیدانی 38 هاووڵاتی ئیسیوپیاییی دراوە کە هەوڵییان داوە لە ماوەکانی نێوان مانگی سێی ساڵی 2022 و مانگی شەشی ساڵی 2023 دا سنووری نێوان سعودیە و یەمەن تێپەڕێنن. هاوکات گەواهیدانی کەسوکار و هاوڕێی کۆچبەرەکانیش لە خۆدەگرێت.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی هێرشەکانی دژی کۆچبەرەکان کە ڕێڕەوە شاخاوییە دوورەدەستەکانییان بەکارهێناوە بۆ پەڕینەوە بۆ ناو سعودیە بە پێ، " بەربڵاو و بە شێوەیەکی ڕێکخراو بوون و کوشتنەکان بەردەوام بوون."
بەرپرسێکی سعودیە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، لە وەڵامێکدا بۆ پرسیارەکانی ئۆفییسی ڕاگەیاندنەکانی حکومەت کە تۆمەتەکانی ڕێکخراوەکە لەوێوە بڵاوکراوەتەوە، وتی " بێ بنەمان و پشتییان بە سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە نەبەستووە." بەرپرسانی سعودیە بە هەمان شێوە بە توندی تۆمەتەکانییان لەلایەن بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 2022 دا ڕەت کردەوە، کە وتبوویان پاسەوانەکانی سنوور ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ڕێکخراو کۆچبەرانییان کوشتووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی لەگەڵ حکومەتی سعودیەدا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناو ڕاپۆرتەکە و داوای لێکردووە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و شەفاف ئەنجام بدات.
بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 750,000 هاووڵاتی ئیسیوپیایی لە سعودیەن. زۆربەیان لە دەست سەختی ژیان لە ئیسیوپیا هەڵاتوون، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکە ڕووبەڕووی ململانێیەکی دڕندە بووەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: پاسەوانانی سنووری سعودیە سەدان کۆچبەری ئیسیوپیاییان کوشتووە
