Accessibility links

ملیاردێرێک دەڵێت ڕەنگە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندیدبکات


بەڕێوەبەری پـێشووی کۆمپانیای ستارباکس Starbucks دەڵێت ڕەنگە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ی ئەمەریکا کاندید بکات و ببێتە ڕکابەری سەرۆک ترامپ.

هاوەرد شوڵتز لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CBS کە شەوی یەکشەممە بڵاوکرایەوە گوتی" بە جدی بیری لێدەکەمەوە خۆم بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکەم."

گوتیشی بە درێژایی ژیانی دیموکرات بووە، بەڵام ئەگەر خۆی کاندیدکرد، ئەوا لە دەرەوەی بازنەی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات دەبێت.

ڕەخنەی لە هەردوو پارتەکە گرت و گوتی لە ئێستادا کێشە هەر لە سەرۆک ترامپدا نیـیە، بەڵکو کۆماری و دیموکراتەکانیش کەم تەرخەمن و بەردەوام سەرقاڵی تۆڵەسەندنەوەی سیاسین. ئۆباڵی قەرزاری حکومەتی فیدراڵی بە بەهای 21.5 ترلیۆن دۆلاری خستە ئەستۆی هەردوو پارتەکە و گوتی ئەمە نمونەیەکە بۆ شکستهێنانیان لە بەرپـرسیارێتیە دەستوریـیەکەیان.

پاشان لە نیگەرانی دیموکراتەکانی کەمکردەوە سەبارەت بەوەی کاندیدبوونی ببێتە مایەی دابەشبوونی دەنگەکان و سەر ئەنجام بە قازانجی دانۆڵد ترامپ بکەوێتەوە.

هاوەرد شوڵتزی تەمەن 65 ساڵ بە هەوڵی خۆی لە خێزانێکی هەژاری شاری نیویۆرکەوە بەم سەروەت و سامانەی ئەمڕۆ گەیشتووە، بە تایبەتی لە ساڵانی هەشتاکانەوە کە لە ویلایەتی واشنتن کۆمپانیای ستارباکسی کڕیەوە بە 3.8 ملیۆن دۆلار و کردی بە کۆمپانیایەکی جیهانی کە لە ئێستادا بەهاکەی بە ملیاران دۆلارە.

XS
SM
MD
LG