Accessibility links

حوسییەکانی یەمەن کۆمپانیای ئارامکۆ و شوێنەکانی دیکەی سعودیە دەکەنە ئامانج


حوسییەکانی یەمەن دەڵێن کۆمەڵێک موشەکی باڵیستیکی و 25 فڕۆکەی چەکداری بێفڕۆکەوانیان بە ئاڕاستەی سعودیە هەڵداوە، دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیەیان لە جەددە و وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان لە ڕیاز کردۆتە ئامانج.

هاوپەیمانی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە دژی حوسییەکانی یەمەن شەڕ دەکەن وتی بەرپەرچی موشەکێک دراوەتەوە بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەوە، دانیشتوانی ناوچەکەش دەڵێن گوێیان لە تەقینەوەی گەورە بووە.

کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە کە پێشتریش لەلایەن حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، هێشتا لێدوانی لەسەر هێرشەکە نەداوە. لە ساڵی 2019 دا بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ، نیوە زیاتری ئەو سوتەمەنیەی سعودیە بەرهەمی دەهێنێت زیانی بەرکەوت.

هێشتا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە کەوتنەوەی زیانی گیانی و ماددی نەبووە بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە.

وتەبێژێکی حوسییەکان وتی هێزەکانیان شەش فڕۆکەی چەکداری بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستەی دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە جەددە و بنکەی ئاسمانی شا فەهد لە ناوچەی تایف کردووە. وتیشی شوێنە سەربازییەکانیش لە ڕیاز و فڕۆکەخانەی شارەکەش کراونەتە ئامانج.

جێی ئاماژەیە سعودیە ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی موشەک دەداتە حوسییەکان، لەکاتێکدا لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن هەندێک لەو چەکانە لەڕووی تەکنیکیەوە هاوشێوەی ئەو چەکانەن کە لە ئێران دروست دەکرێن. حوسییەکانیش دەڵێن خۆیان چەکی خۆیان دروست دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG