Accessibility links

ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لانیکەم 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان"ی حوسییەکان دەخەنە خوارەوە


ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە دەریای سووردا خستە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت کەشتی بارهەڵگری پڕۆپێڵ فۆرچن و کەشتییە تێکشکێنەرە جەنگییەکانی ئەمەریکایان لە کەنداوی عەدەندا کردە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکام، ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لانیکەم 28 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سەر بە گرووپی حوسییە کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، خستوەتە خوارەوە.

لە مانگی یانزەوە حوسییەکان بەردەوام هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا و دەڵێن وەکو دەرخستنی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان لە جەنگەکەی غەززەدا.

وتەبێژی سەربازیی حەماس یەحیا ساریا ڕۆژی شەممە لە وتارێکدا وتی کەشتییەکی بار و " ژمارەیەک لە کەشتییە جەنگییە تێکشکێنەرەکانی ئەمەریکایان بە 37 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا کردووەتە ئامانج."

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا پێشتر ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبوو کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانییان لە ناوچەی دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە.

وتی سوپای ئەمەریکا وەڵامی هێرشێکی بەرفراوانی حوسییەکانی داوەتەوە کە کراونەتە سەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

وتیشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان " مەترسییەکی دەستبەجێ بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا."

سوپای فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی کەشتییەکی جەنگی فەڕەنسی و فڕۆکە شەڕکەرەکان چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەرییان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو کەشتییەکانی سەر بە ئەرکی ئاسپیدیسی ئەوروپا هاتوون لە ناوچەکەدا.

فەڕەنسا کەشتییەکی جەنگی لە ناوچەکەدا هەیە و لە هەمان کاتیشدا بنکەی لە جیبوتی و ئیماڕاتدا هەیە.

لە هێرشێکی موشەکی حوسییەکاندا ڕۆژی چوارشەممە بۆ سەر کەشتی ترو کانفیدێنس کە لەلایەن یۆنانەوە بەڕێوەدەبرێت سێ کەس کوژراون، ئەمەش یەکەمین جارە هاووڵاتییانی سڤیل لە هێرشەکانی حوسییەکاندا بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا دەکوژرێن.

ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی بەڕیتانیاش بە هەمان شێوە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە هەوڵ دراوە هێرش بکرێتە سەر کەشتی بارهەڵگری پڕۆپێڵ فۆرچن کە ئاڵای سینگاپووری بەسەرەوەیە.

وتی ئەو کۆمپانیایەی کەشتییەکە بەڕێوەدەبات باسی لە دوو تەقینەوە کردووە لە نزیک کەشتییە بارهەڵگرەکە، بەڵام سەرجەم کارمەندانی سەر کەشتییەکە پارێزراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG