لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وتی سعودیە پێشنیاری دەستپێشخەریی نوێی ئاشتی کردووە لە یەمەن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
حکومەتی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا وتی سعودیە لە ساڵی 2015 ەوە کاتێک لەڕووی سەربازییەوە چووە جەنگی یەمەنەوە، کۆمەڵێک پێشنیاری پێشکەش کردووە، لەوانەش " وەستاندنی شەڕ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا."
لەلای خۆیانەوە حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن پێشنیارەکەی سعودییەیان بۆ وەستاندنی شەڕ ڕەت کردەوە.
وتەبێژی حوسیەکان محەمەد عەبدولسەلام لەڕێی کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوسییەکانەوە وتی " بە بیری وڵاتانی دوژمنکار دەهێنینەوە دەبێت بەتەواوەتی دوژمنکارییەکانیان کۆتای پێبهێنن و گەمارۆکان لاببەن."
وەزیری دەرەوەی سعودیە لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە گەمارۆکانی سەر بەندەری حودەیدە کەم دەکاتەوە و ئەو باجانەی کە لە بەندەرەکە وەردەگیرێن ڕاستەوخۆ ڕەوانەی حسابێکی بانکی هاوبەشی بانکی ناوەند دەکرێت. هەروەها ڕێگە دەدرێت بە دووبارە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا."
ئەوەشی خستەڕوو " دەستپێشخەرییەکەی سعودیە دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانە سیاسییەکانیش بۆ کۆتای هێنان بە قەیرانی یەمەن لەخۆدەگرێت."
لەلای خۆیەوە حکومەتی یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانی پێدانراوە لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سعودیە کرد.
سەرچاوە/ فرانس پرێس