Accessibility links

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا دەڵێت 7 مووشەکی حوسییەکانی لەناوبردووە


وێنەی کۆبوونەوەی ئەندامان و لایەنگرانی حوسییەکان
وێنەی کۆبوونەوەی ئەندامان و لایەنگرانی حوسییەکان

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکام، ڕۆژی شەممە 24ی مانگی دوو لەناوبردنی حەوت مووشەکی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام، هێزەکانی ئەمەریکا حەوت مووشەکی کروزی دژە کەشتیی حوسییەکانیان لەناوبردووە کە ئامادەکرابوون بەرەو دەریای سوور هەڵبدرێن.

سێنتکام ئەم چەکە حوسییەکانی وەک "مەترسییەکی نزیک" بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەستنیشان کردووە و هەروەها لەناوبردنیانی بە پێویست زانیووە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و سەلامەتتر و پارێزراوترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییەکانی ناوچەکە.

ئەم ڕاگەیەندراوەی ناوەندی فەرماندەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ئەو ناوەندە ڕۆژی هەینی بە ئاماژەدان بە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەک ڕایگەیاند کە ڕژانی سووتەمەنی کەشتییەکە و بارەکەی کە پێو بووە بۆ ناو دەریای سوور، هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە دروست دەکات.

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لە هێرشێکی حوسییەکانی یەمەندا بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا لە دەریای سوور، نەوتی کەشتییەکە بە درێژایی 29 کیلۆمەتر ڕژاوەتە دەریاکەوە. هەروەها هۆشداریشیدا لەسەر مەترسی ڕژانی بارە پێوەکەی کەشتییەکە.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی کەشتی ڕوبیمار کە لە بەڕیتانیا تۆمارکراوە و لەلایەن لوبنانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە 18 ی مانگی دوودا لە کاتێکدا کە بە تەنگەی بابولمەندەبدا تێپەڕیوە هێرشی کراوەتە سەر، تەنگەی بابولمەندەب، دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشە موشەکییەکە کارمەندانی ناو کەشتییەکەی ناچار کردووە دەستبەرداری کەشتییەکە بن کە لە خورفاکانی ئیماڕاتەوە بەرەو بولگاریا بە ڕێکەوتووە. لەو کاتەدا کەشتییەکە زیاتر لە 41,000 تەن پێوی گواستووەتەوە.

وتیشی کەشتییەکە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و نەوت دزەی کردووەتە دەریاکەوە، هۆشداریدا و وتی "لەوانەیە بارەکەی کەشتییەکە دزە بکاتە دەریای سوورەوە و کارەساتە ژینگەییەکە خراپتر بکات."

وتیشی " حوسییەکان بەردەوامن لە پشتگوێ خستنی کاریگەریی هێرشەکانییان لەسەر ناوچەکە کە بەبێ جیاکاری ئەنجامی دەدەن، مەترسییان لەسەر پیشەسازی ڕاوەماسی و هاوردەکردنی کەلوپەلەکان دروست کردووە."

حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن ڕۆژی شەممە داوای لە وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوەکانی پاراستنی دەریایی کرد بەپەلە مامەڵە لەگەڵ دزەکردنی نەوتەکەدا بکەن تاوەکو " کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی " ڕوونەدات.

حکومەتی یەمەن کە بنکەکەی لە شاری عەدەنی باشووری یەمەنە، وتی کەشتییەکە بەرەو دوورگەکانی حەنیش دەڕوات، کە چەند دوورگەیەکی یەمەنن لە باشووری دەریای سوور.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG