Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دوو پـرۆژە بڕیار پەسەند دەکات بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە لەشکریـیەکانی سەرۆک ترامپ


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیاری دا مۆڵەتی دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی لەشکری لە عێراق لە سەرۆک ترامپ بسەنرێتەوە کە لەوەتای ساڵی 2002 وەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا دراوە.

ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە دەنگدانێکدا بە دەنگی 236 - 166 ئەندام پـرۆژە بڕیاری سەندنەوەی مۆڵەتەکەی پەسەندکرد. هەروەها بە دەنگی 228 - 175 ئەندام پـرۆژە بڕیارێکی دیکەی پەسەندکرد بۆ ڕێگەنەدان بە دابینکردنی پارە بۆ هەر گورزێکی لەشکری لە دژی ئێران.

پـێشتر سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە گوتی دیموکراتەکان دەیانەوێت بۆ سەرۆکی قورس بکەن بەرگری لە ئەمەریکا بکات و نەتوانێت بە ڕووی ئێرانەوە بوەستێتەوە.

سەرۆک ترامپ هوشداری داوە هەر پـرۆژە بڕیارێک دیموکراتەکان پەسەندی بکەن و شیانی هەبێت ببێتە مایەی سنووردارکردنی بژارە لەشکریـیەکانی لە دژی ئێران، ئەوا ڤیتۆی دەکات.

هەرچەندە هەردوو پـرۆژە بڕیارەکە لەلایەن زۆربەی دیموکراتەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەڵام جێگەی ڕەخنەی توندی کۆماریـیەکانە و بە هەنگاوێکی هەڵەی دادەنێن لەم کاتەی گرژیـیەکان لەگەڵ ئێراندا توندتربوون.

پـێشبینی دەکرێت هەردوو پـرۆژە بڕیارەکە لە ئەنجومەنی سینات پەسەند نەکرێن، بەو پـێـیەی لە کۆی 100 ئەندامەکەی 53 ی کۆماریـین.

XS
SM
MD
LG