Accessibility links

کەسێک لە کنیشتێکدا لە تەکساس 4 کەس بە بارمتە دەگرێت و بە کوژرانی خۆی کۆتایی دێت


بەیانی ڕۆژی شەممە لەو کاتەی نوێژ و نزا لە کنیشتێکی جووەکان لە شارۆچکەی کاڵیڤڵ لە باکوری ویلایەتی تەکساس بەڕێوەدەچوو، کەسێک خۆی کرد بە ناو کنیشتەکەدا و 4 کەسی بە بارمتە گرت.

کەسەکە گوتویەتی برای عافیە سدیقیـیە و دەیەوێت خوشکەکەی ببینێت.

عافیە سدیقی کە بە خانمی قاعیدە ناسراوە، لە ساڵی 2010 لەلایەن دادگایەکی ئەمەریکاوە بڕیاری زیندانی 86 ساڵی بۆ درا بە تاوانی هەوڵی کوشتن و ئێستا لە زیندانێکی فیدراڵی ئەمەریکایە.

هێزەکانی پۆلیس و سوات زوو گەیشتنە شوێنەکە و چواردەوری کنیشتەکەیان دا و کەوتنە وتووێژ لەگەڵ کەسەکە هەتا بارمتەکان ئازابکات و خۆی ڕادەستبکات. نزیک کاتژمێر 5 ی پاش نیوەڕۆ توانرا قایل بکرێت یەکێک لە بارمتەکان ئازادبکات. دواتر و لە پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 11 کاتژمێر، هێزی تایبەت هێرشیان کرد و توانیان بارمتەکان ئازادبکەن و کەسەکە بکوژن.

کاربەدەستێک وتی نزیکەی 200 پۆلیس و ئەندامی جێبەجێکردنی یاسا گەمارۆی کنیشتەکەیان دابوو، لە نێویاندا تیمێکی FBI کە لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە و لە دوری نزیکەی 2 هەزار کیلۆمەترەوە بە فڕۆکە هاتبوون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پـۆلیس و کاربەدەستان زانیاریان لەسەر کەسەکە نەداوە.

گرێگ ئابت، فەرمانڕەوای تەکساس لەسەر تویتەرکەی تەنیا نووسیویەتی"نوێژ و نزاکانمان وەڵامدرانەوە، هەموو بارمتەکان زیندوو و سەلامەتن."

جێی ئاماژەیە عافیە سدیقی، چەندین جار لە لایەن گروپە توندڕەوەکانەوە داوای ئازادکردنی کراوە، یەک لەو گروپانە داعش.

XS
SM
MD
LG