Accessibility links

کاریگەری ململانێکانی حەماس و ئیسرائیل لەسەر شادەماری نەوتی جیهان (تەنگەی هورموز)


جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس ترسی ململانێیەکی بەرفراوانتری دروست کردووە کە دەکرێت ئێران و لایەنەکانی دیکەی ناوچەکەش توش بکات.

شیکەرەوان و چاودێرانی بازاڕەکان دەڵێن دەکرێت ململانێکە ئەمەریکا ناچار بکات سزاکانی سەر ئێران توندتر بکاتەوە، ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی تاران ڕێوشوێنی تۆڵەکردنەوە دژی کەشتییەکانی نەوت لە تەنگەی هورموز بگرێتەبەر.

تۆماری دوورگەکانی مارشال کە یەکێکە لە ئاڵا سەرەکییەکانی کەشتیوانی جیهان، هەفتەی ڕابردوو هۆشداریدا و وتی ئەو کەشتییانەی کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیل یاخود ئەمەریکاوە هەیە، ڕەنگە ڕووبەڕووی مەترسی هێرشی زیاتر ببنەوە لە ناو ئاوەکانی سەر بە ئیسڕائیل و کەنداوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عومان و ناوچەکانی دەریای سووردا.

تەنگەی هورموز کە دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی ئێران و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە خاڵێکی ستراتیژی بۆ بازرگانی جیهانی دادەنرێت، چونکە پێنج یەکی قەبارەی کۆی نەوتی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕێت. لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هێرشی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لەوێوە تێدەپەڕن، بووەتە هۆی ئەوەی کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیەدا زیاتر ببێت.

بەگوێرەی ئاماری سوپای ئەمەریکا، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران دەستی بەسەر نزیکەی 20 کەشتیدا گرتووە کە ئاڵای بیانییان لەسەر بووە یان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیان داوە. لە دوایین هێرشی لەو جۆرەدا، هێزە سەربازییەکانی ئێران لە مانگی چواردا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری دوورگەکانی مارشالدا گرت کە بەرەو ئەمەریکا دەڕۆیشت. هەفتەیەک دوای ئەوەش دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەی نەوتهەڵگردا گرت کە ئاڵای پەنەما لەسەر بوو.

وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە بۆ ئاسایشی خۆیان پشتیان بە ئەمەریکاییەکان بەستووە، دوای زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە ساڵی 2019ەوە چاوەڕێی بەڵێنی بەهێزترن لە لایەن ئەمەریکاوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەم ساڵانەی دواییدا و دوای هاتنە سەرکاری جۆو بایدن و گۆڕانی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، وڵاتانی کەنداو زیاتر دەترسن لەوەی کە ئەمەریکا پشتیان خاڵی بکات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ چین و تەنانەت ئێرانیش.

ئێران چەندین جار هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئەمەریکاییەکانی کردووە "لە بەرامبەر کردەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." لەبەرامبەر هەڕەشەکان ئەمەریکا هێزی زۆرتری ڕەوانەی کەنداو کردووە بۆ پاراستنی ئەو کەشتییانەی بە ئاوەکانی ئەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن.

وردەکارییەکان سەبارەت بە تەنگەی هورموز:
تەنگەی هورموز دەکەوێتە نێوان عومان و ئێرانەوە. باکووری کەنداوەکەی دەبەستێتەوە بە کەنداوی عومانەوە لە باشوورەوە و دەریای عەرەبیشەوە لە سەرەوە.

تەنگەکە 33 کم پانە و لە تەسکترین خاڵیدا، ڕێڕەوەکە دەبێتە 3 کم لە هەردوو ئاڕاستەکەوە.

ئیماڕات و سعودیە هەوڵییانداوە ڕێگەی دیکە بدۆزنەوە و خۆیان بە دووربگرن لە تەنگەکە، لەوانەش: دروستکردنی هێڵی بۆری نەوتی زیاتر.

تەنگەکە بۆچی گرنگە؟
نزیکەی پێنج یەکی قەبارەی کۆی نەوتی جیهان ڕۆژانە بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبێت. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای شیکاریی ڤۆرتێکسا، لە ماوەی نێوان مانگی یەکی ساڵی 2023 تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2023 ڕۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمەکانی نەوت بە تەنگەی هورموزدا تێپەڕیون.

سعودیە و ئێران و ئیماڕات و کوەیت و عێراق کە سەرجەمییان ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیکن، زۆربەی نەوتە خاوەکەیان لە ڕێی تەنگەی هورموزەوە هەناردەی دەرەوە دەکەن.

قەتەڕ کە گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتی شلکراوە، نزیکەی هەموو گازە سروشتییە شلکراوەکەی لە ڕێی تەنگەی هورموزەوە هەناردە دەکات.

ڤۆرتێکسا دەڵێت نزیکەی 80 ملیۆن مەتر تەن، یاخود لە سەدا 20 ی گازی سروشتی شلکراوی جیهان، بە تەنگەی هورموزدا تێپەڕ دەبێت.

بانکی جەی پی مۆرگان لە تێبینییەکدا دەڵێت ئەگەر ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس پەرەبسەنێت بۆ داخستنی تەنگەی هورموز، کە قەرەباڵغترین ڕێڕەوی تێپەڕبوونی نەوتە لە جیهاندا، دەبێتە هۆی داخستنی بازرگانی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

بانکەکە وتیشی " لە کاتێکدا کە ئێران چەندین ساڵە هەڕەشەی داخستنی تەنگەکە دەکات، بەڵام هەرگیز ئەو کارەی نەکردووە."

کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمەریکا:
ئەمەریکا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئامانجی سزاکانیش ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانییە. ئێران هەڕەشەی تێکدانی جووڵەی کەشتییە بارهەڵگرەکانی کردووە لە تەنگەی هورموز، ئەگەر ئەمەریکا هەوڵی خنکاندنی ئابوورییەکەی بدات.

کەشتیگەلی پێنجی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە بنکەکەی لە بەحرەینە، ئەرکی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکەی پێسپێردراوە.

زیادبوونی گرژییەکان:
سوپای ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر غەزە کە ئامانج لێی لە ناوبردنی حەماسە، ئەوەش مەترسی کەوتنەوەی ململانێیەکی بەرفراوانتری زیاتر کردووە.

لە 18 ی مانگی 10 دا وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان داوای لە وڵاتانی موسوڵمانان کرد گەمارۆی نەوت و سزای دیکە بسەپێنن بەسەر ئیسڕائیلدا، بەڵام سەرچاوەکانی ئۆپیک ئەو جۆرە سیناریۆیەیان ڕەت کردەوە.

لە ساڵی 1973 دا، بەرهەمهێنەرانی نەوتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە گەمارۆیەکی نەوتییان سەپاند بەسەر ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوادا کە پشتیوانییان لە ئیسڕائیل دەکرد لە جەنگەکەیدا دژی میسڕ، کەنەدا و ژاپۆن و هۆڵەندا و بەڕیتانیا و ئەمەریکایان کردە ئامانج.

لە کاتێکدا کە لەو کاتەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا کڕیاری سەرەکی ئەو نەوتە خاوە بوون کە وڵاتانی عەرەبی بەرهەمییان دەهێنا، لە ئێستادا ئاسیا کڕیاری سەرەکی نەوتی خاوی ئۆپیکە.

ڕووداوەکانی ڕابردوو:
لە ماوەی جەنگەکەی ساڵەکانی 1980-1988 ی نێوان عێراق و ئێراندا، هەردوولا هەوڵییاندا هەناردەی نەوتی یەکتر تێکبدەن، لە شەڕێکدا کە بە جەنگی تانکەر ناسراوە.

لە مانگی حەوتی ساڵی 1988 دا، کەشتی جەنگی ئەمەریکایی ڤینسینس فڕۆکەیەکی ئێرانی خستە خوارەوە و سەرجەم 290 سەرنشینەکەی کوشت، واشنتن وتی ئەوە ڕووداو بووە و تارانیش وتی هێرشێکی بە مەبەست بووە.

لە سەرەتای ساڵی 2008 دا، ئەمەریکا وتی کەشتییەکانی ئێران هەڕەشەیان لە سێ کەشتی هێزی دەریایی ئەمەریکا کردووە لە تەنگەی هورموزدا.

لە مانگی حەوتی ساڵی 2020 دا، کەشتی تانکەری نەوت هەڵگری ژاپۆنی، ئێم ستار، لەلایەن گروپی چەکداریی لیوای عەبدوڵا عەزامەوە لە تەنگەی هورموزدا هێرشی کرایە سەر، لیواکە سەر بە ئەل قاعیدەیە و بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

لە مانگی یەکی ساڵی 2012 دا، ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەکەی کرد وەکو وەڵامێک بۆ سزاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا کە داهاتی نەوتی ئێرانییان کردبووە ئامانج، لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2018 دا، سەرۆکی ئەو کاتەی ئێران حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەدا ئێران دەتوانێت بازرگانی نەوت لە ڕێی تەنگەی هورموز تێکبدات، وەکو وەڵامێک بۆ داواکانی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سفر.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2019 دا، چوار کەشتی کە دووانیان تانکەری نەوت هەڵگری سعودی بوون، لە دەرەوەی کەناراوەکانی ئیماڕاتەوە لە نزیک فوجەیرە هێرشییان کرایەسەر، فوجەیرە یەکێکە لە گەورەترین شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکان لە جیهاندا و دەکەوێتە دەرەوەی تەنگەی هورموزەوە.

لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا، ئێران لە ئاوەکانی کەنداو دەستی بەسەر تانکەرێکدا گرت کە ئاڵای کۆریای باشووری بەسەرەوە بوو و کارمەندەکانی کەشتییەکەشی دەستبەسەرکرد.

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2022 دا، سوپای ئەمەریکا وتی سوپای پاسدارانی ئێران لە تەنگەی هورموزدا بۆ 137 مەتر نزیک بوونەتەوە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 دا، ئێران دەستیگرت بەسەر دوو تانکەری نەوت هەڵگردا لە کاتێکدا کە تانکەرەکان بە تەنگەی هورموزدا تێدەپەڕین.

لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 دا، هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی ڕێگری کردووە لە ئێران لە کاتێکدا کە هەوڵیداوە دەست بەسەر دوو کەشتی بازرگانی لە کەنداوی عوماندا بگرێت. هێزی دەریایی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی لە ساڵی 2021 ەوە ئێران " نزیکەی 20 کەشتی بازرگانی نێودەوڵەتی بێزارکردووە یاخود هێرشی کردوونەتەسەر یاخود دەستی بەسەرداگرتوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG