کاربەدەستانی فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ڕۆژی دووشەممەیان هەڵوەشاندەوە هاوکات لەگەڵ چوارەم ڕۆژی گردبوونەوەی خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە فڕۆکەخانەکەدا.
کاربەدەستانی فڕۆکەخانەکە لە بەیاننامەیەکدا وتیان " بێجگە لە گەشتە ڕۆشتووەکان و ئەو گەشتانەی کە ئێستا لەڕێدان بۆ هۆنگ کۆنگ، هەموو گەشتەکانی دیکە بۆ ئەمڕۆ هەڵوەشێندراونەتەوە."
کاربەدەستان وتیشیان جووڵەی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانە زۆر قەرەباڵغە و شوێنەکانی وەستانی ئوتومبێلەکان پڕبوون.
خۆپیشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ گەورەترین قەیران و کێشەیەکی مەترسیداری بۆ چین دروست کردووە کە فەرمانڕەوایی هۆنگ کۆنگ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ئۆفیسی کاروباری هۆنگ کۆنگ و ماکاو لە چین وتی هۆنگ کۆنگ بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەبێت کردەوە توندوتیژەکان لەوێ بوەستێنرێن.
جێی ئاماژەیە ماوەی دوو مانگە لە هۆنگ کۆنگ خۆپیشاندان دەکرێت لەدژی حکومەتی چین.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز