Accessibility links

هێلەری کلنتن زیاتر لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا نزیک دەبێتەوە


بەپـێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە بەرایـیەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەوەی سێشەممە لە هەردوو ویلایەتی کەنتاکی و ئۆریگۆن بۆ دیموکراتەکان بەڕێوەچوون، خانم هێلەری کلنتن زیاتر نزیکبووەتەوە لەوەی ببێتە کاندیدی پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەنجامەکان نیشانی دەدەن هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە و ڕکابەرەکەی سیناتۆر بێرنی ساندەرس لە ویلایەتی کەنتاکی دەنگەکانیان لە یەک نزیک بوون و بەوەش هەریەکەیان پشـتیوانی 27 شاندی بەدەسـتهێناوە.

لە ویلایەتی ئۆریگۆنیش کە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 75%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، بێرنی ساندەرس 54.5% ی دەنگەکانی بردووەتەوە و توانیویەتی 28 شاند بباتەوە، هێلەری کلنتنیش 45.5% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێناوە و بەو ئەنجامە پشـتیوانی 24 شاندی بەدەستهێناوە. هێشـتا 9 شاند دیکە لەو ویلایەتە ماون یەکلایی بکرێنەوە.

لە ئێسـتادا هێلەری کلنتن پشـتیوانی 2291 شاندی هەیە و تەنیا پشـتیوانی 92 شاندی دیکەی پـێویستە تاوەکو بگاتە 2383 شاند کە پـێویستن بۆ ئەوەی لە نێو دیموکراتەکاندا ببێتە کاندیدی سەرۆکایەتی. بەڵام لەگەڵ ئەو ئەنجامەش بێرنی ساندەرس هیوای لە دەسـت نەداوە بەو پـێـیەی هێشتا چەندان ویلایەتی دیکە ماون هەڵبژاردنی بەرایی‌یان لێ سـازبکرێن کە بە سەدان شاند دەکەن و هەروەها لە چاوەڕوانی ئەوەی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لەسەر کەیسی نامەکانی هێلەری کلنتن بە زیانی هێلەری بکەونەوە و لە کۆنگرەی گشتی پارتەکە پشـتیوانی لێ نەکرێت.

لە پـێشـبڕکێی کۆماریـیەکانیش کە تەنیا لە ویلایەتی ئۆریگۆن بەڕێوەچوون، هەرچەندە هەریەک لە سیناتۆر تێد کروز و فەرمانڕەوای ئۆهایۆ جۆن کەیسک لە پـێشـبڕکێکە کشاونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێندە دەنگیان هێناوە کە هەریەکەیان پشـتیوانی 3 شاندی بەدەسـتهێناوە. دۆناڵد ترەمپی ملیاردێریش کە 66.9% ی دەنگەکانی بردەوە پشـتیوانی 17 شاندی بەدەسـتهێناوە. بۆیە ئەمیش وەکو کۆماری هەتا دێت و زیاتر لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی نزیک دەبێتەوە و لە ئێستادا پشـتیوانی 1160 شاندی هەیە و تەنیا پشـتیوانی 77 شاندی دیکەی پـێویستە تاوەکو بگاتە 1237 کە لە نێو کۆماریـیەکان بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی پـێویستە.

حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕاپـۆرتی لە بارەی ئەم هەڵبژاردنانەوە ئامادەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:55 0:00

XS
SM
MD
LG