Accessibility links

ڕێنمایی نوێی CDC لەسەر بەکارهێنانی دەمامک بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


کاربەدەستانی تەندروستی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی داوایان کرد ئەمەریکاییەکان زیاتر دەمامکی جۆری N96 یان KN95 بەکاربهێنن تا ڕێگەبگرن لە بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەو جۆرە دەمامکانە بەباشتر دەزانرێن بۆ پاککردنەوەی هەوا. بەڵام پێشتر کەمتر بەردەست دەکەوتن و کاربەدەستانی نێوەندی کۆنترۆڵ کردن و ڕێگری کردن لە نەخۆشییەکان (CDC)یش داوایان کردبوو کە تایبەت بکرێن بۆ کارمەندانی تەندروستی.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی کاربەدەستانی CDC ڕێنماییەکانیان نوێ کردەوەو بە ڕوونی ڕایانگەیاند ئەو جۆرە دەمامکانە زیاتر خەڵکی دەپارێزێت.

هەرچەندە کاربەدەستانی ئاژانسەکە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەکارهێنانی هەندێک دەمامک زەحمەتترە لە هەندێکی تریان و داویان لە خەڵکی کرد جۆرێک هەڵبژێرن کە بتوانن بە بەردەوامی بەکاریبهێنن.

کریستن نۆردلەند، وتەبێژی CDC، لە لێدوانێکدا وتی "پەیامی سەرەکیمان ئەوەیە کە بەکارهێنانی هەر جۆرە دەمامکێک هەر لە هیچ باشترە."

لەوەتای پەتای کۆرۆنا سەریهەڵداوە CDC چەندین جار ڕێنماییەکانی لەسەر دەمامک نوێکردووەتەوە.

لە دواین ڕێنماییدا کە لە مانگی 9 بڵاویکردەوەکاربەدەستان زیاتر پشتیوانیان لە دەمامکی جۆری N95 دەکرد ئەوانەی کە یەک جار بکاردەهێنرێن، گوتیان لە هەندێک باردا باشترە ئەمە بەکاربهێنرێت ئەگەر دەستبکەوێت. نمونەکانی ئەو کاتانەی کە ئەو جۆرە دەمامکانە بەکاربهێنرێن بریتین بوون لەوەی کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە نێو دەزگای گواستنەوە لەگەڵ خەڵکی تر بمێنیتەوە، یان خزمەتی نەخۆشێک بکەیت یاخود گومان بکەیت کە نەخۆشیت و خەڵکت لە نزیکە.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک جۆو بایدن ڕایگەیاند بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەنیازە دەمامکی جۆری کوالیتی بەرز دروست بکات و بە خۆڕایی بەردەستی بخات بۆ خەڵکی. ئەو گوتیشی لە هەفتەی داهاتوو زانیاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەخرێتە ڕوو. کۆشکی سپی گوتی حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە 750 ملیۆن دەمامکی جۆری N95ی عەمبارکراوی هەیە.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG