Accessibility links

هێرس داوای دیبەیتێک لە ترامپ دەکات کە تێیدا مایکرۆفۆنەکان بەردەوام کراوە بن و بێدەنگ نەکرێن


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کامڵا هێرس داوای لە دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان و ڕکابەرەکەی کرد دیبەیتێکی لەگەڵدا بکات بە شێوەیەک کە مایکرۆفۆنەکان بەردەوام لە دیبەیتەکەدا بە کراوەیی بمێننەوە.

هێرس و ترامپ ڕێککەوتوون لەسەر دیبەیتێک کە بڕیارە لە 10 ی مانگی نۆدا بەڕێوەبچێت و کەناڵی ئەی بی سی نیوز میوانداری دەکات.

هێرس لە پۆستێکدا لە ئێکس نوسیویەتی " دانۆڵد ترامپ خۆی داوە بە دەستەوە بۆ ڕاوێژکارەکانی کە ڕێگەی نادەن دیبەیت بکات بە مایکرۆفۆنی ڕاستەوخۆ. ئەگەر تیمەکەی خۆی متمانەی پێنەکەن ئەوا بە دڵنیاییەوە گەلی ئەمەریکا ناتوانێت متمانەی پێبکات."

وتی " ئێمە خۆمان هەڵبژاردووە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا. با دیبەیتێک بکەین بە شێوازێکی شەفافانە و مایکرۆفۆنەکان بەردەوام لە دیبەیتەکەدا کار بکەن."

ترامپ وتوویەتی پێی باشترە مایکرۆفۆنەکەی بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە و پێی باش نەبووە لە ماوەی دیبەیتەکەی پێشوودا لەگەڵ جۆو بایدن مایکرۆفۆنەکەی بێدەنگ کراوە.

هێشتنەوەی مایکرۆفۆنەکان بە کراوەیی لە ماوەی دیبەیتەکاندا دەکرێت زیان بە بەربژێرە سیاسییەکان بگەیەنێت، هەندێک جار لێدوانی وا دەگوازێتەوە کە تایبەتن و ناکرێت بە خەڵکەکە بوترێت. مایکرۆفۆنە بێدەنگکراوەکانیش ڕێگری لە بەربژێرەکان دەکەن لە پچڕاندنی قسەی ڕکابەرەکانییان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG